سیناتۆرێکی کۆمارییەکان: چاوەڕوان ناکرێت ترەمپ بە بێ دەنگی بڕوات

08/11/2020
فۆتۆ: 

میت ڕۆمنی سیناتۆری کۆمارییەکان پێشبنی کرد، دۆناڵد ترەمپ دوای دۆڕاندنی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا لە بەرامبەر جۆ بایدن، بە بێ دەنگی بڕوات.

ڕۆمنی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەل کەناڵی (CNN )ی ئەمریکا ڕایگەیاند، هیچ بەڵگەیەکی نەدیووە لەسەر ئاستێکی فراوان ساختەکاری کرابێت لە هەڵبژاردنەکاندا.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەوبڕوایەدام وێڕانکردنی دیموکراسیەتە پێشنازی ئەوە بکەیت کە فێڵ و گەندەڵی کرابێت لە چوارچێوەیەکی فراوان، هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ئەو بابەتە لەم قۆناغەدا، گرنگ کە بزانن جیهان چاودێر و چاوەڕوانی ئەوانە.

ئەو سیناتۆرە کۆمارییە وتی "زۆر گرنگە لە کەشێکی ئاوادا وا بیر بکەیتەوە کە جیهان دەتبینێت، یان مێژوو شایەتی بۆ دەدات، ئەوەی بەلای منەوە گرنگە بەرگری لە دامەزراوە دیموکراسییەکان بکەین".

سەبارەت بەو ڕاستیەی کە گوایە ترەمپ دان نانێت بە شکستی خۆیدا، ڕۆمنی وتیشی "چاوەڕوانی ئەوەی لێ مەکەن بە بێدەنگی بڕوات لە شەودا، باشترین شت ئەوەیە جیهان بیبینێت کە بەشێوەیەکی ئاسان دەڕوات، بەڵام ئەوە لە سروشتی ئەو پیاوە نییە".

لە کۆتایی وتەکانیدا ئەو سیناتۆرەی کۆمارییەکان جەختیکردەوە، هیچ بوارێک لەبەردەم کۆمارییەکاندا نەماوەتەوە جگە لە کاکردن لەگەڵ ئیدارەی بایدندا، چونکە ئەگەر بایدن لەگەڵ کۆمارییەکان کار بکات لەئەنجومەنی پیران، ئەوا ئەوان وا دەکەن و دەتوانن زەمینەیەکی هاوبەش بدۆزینەوە.