ئێران: ئەستەمە جارێکی تر گفتوگۆ بکەنەوە دەربارەی ڕێککەوتنە ئەتۆمیەکە

09/11/2020
فۆتۆ: 

سەعید خەتیبزادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، ئەستەمە جارێکی دیکە و سەرلەنوێ گفتوگۆ بکەنەوە سەبارەت بە پرۆگرامە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی، چونکە هەڵوێستەکان بە گۆڕینی کەسەکان لە واشنتۆن ناگۆڕێت.

خەتیبزادە لە لێدوانێکدا وتی "ڕێککەوتنی ئەتۆمی پەیوەندی هەیە بە ڕابردوەوە، ئەستەمە جارێکی تر دەرگای وتوێژ لەسەری بکرێتەوە لەلایەن هەرکەسێکەوە بێت، چونکە ڕێککەوتنی ئەتۆمی دۆسیەیەکی داخراوە، قسەکردن دەربارەی دووبارە کردنەوەی گفتوگۆکان لەبارەیەوە بابەتێکی خۆگێلکردنانەیە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەکرد، ئێران بڕیاری ٢٢٥١ی نەتەوە یەکگرتووەکانی پێشێلکردووەو لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی کشاوەتەوە، ئەویش بەرپرسە لەو زیانانەی کە بەر ئێران کەوتووە، بۆیە دەبێت بەرپرسیارێتی پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و هەڵسوکەتەکانی لە دژی ئێران لە ئەستۆ بگرێت.

خەتیبزادە ئاماژەی بەوەشکردووە، دوای دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێ لە واشنتۆن، ئێرانیش بڕیارەکانی خۆی دەدات، جەختیشیکردەوە کە جارێکی تر ئەستەمە گفتوگۆ بکەنەوە دەربارەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی وڵاتەکەی.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتیشی "ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا پەیامێکی گرنگە بۆ دەوڵەتانی ناوچەکە، بەوەی کە ناتوانرێت پشت بە ئەمریکا ببەسترێت بۆ دابینکردنی ئاسایش".

لە کۆتایی وتەکانیدا خەتیبزادە ئاشکرایکرد، وڵاتەکەی لە نزیکەوە چاودێری هەڵسوکەوتەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەکات و تا ئێستا هیچ پەیامێکی لە سەرۆکی نوێی ئەمریکاوە پێ نەگەیشتووە.