بە ناوبژیوانی ڕوسیا ڕێککەوتنی ئاشتی لە نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان ڕاگەیەندرا

10/11/2020
فۆتۆ: 

دوای زیاتر لە شەش هەفتە لە جەنگ و ڕوبەڕوبوونەوەی خوێناوی لە نێوانیاندا، ئەمڕۆ ئازەربایجان و ئەرمینیا ڕێککەوتن لەسەر کۆتایی هێنان بە جەنگ لەسەر هەرێمی ناگۆرنی کارەباخ.

نیکوڵ باشینیان سەرۆکی حکومەتی ئەرمینیا، ڕێککەوتنەکەی بە "زۆر ئازار بەخش" ناوبرد بۆ خۆی و گەلی ئەرمینیا.

هەرێمی ناگۆرنۆ کارەباخ کە لەلایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدانراوە وەک بەشێک لە خاکی ئازەربایجان، بەڵام  لە ساڵی ١٩٩٤وە لەژێر کۆنترۆڵی ئەرمینیاندایە.

بەهۆی ڕێککەوتنەکەشەوە لە ئەرمینیا خۆپیشاندان و ناڕەزایی دەستی پێکرد و خۆپیشاندەران چوونە ناو باڵەخانەی پەرلەمانی وڵاتەکەیان لە یەریڤانی پایتەخت، دواتر هێرشیان کردە سەر سەرۆکی پەرلەمان و زۆربەی کەلوپەکانی ناو پەرلەمان و نوسینگەی سەرۆکی حکومەتیان تێک و پێکدا.

لە سەرتای مانگی ئەیلولی ڕابردوەوە کە جەنگ لە نێوان هەردوولادا دەستی پێکردووە، هەوڵ و ناوبژیوانییەکانیش دەستپێکراوە بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە، بەڵام هەموو ئاگربەستەکان هەرەسیان هێناوە شەڕ بە سەختی دووبارە دەستیپێکردووەتەوە.

بە گوێرەی ئەم ڕێککەوتنە نوێیە، ئازەربایجان پارێزگاری لەو شوێنانە دەکات کە لە جەنگەکانی ئەم دواییەدا کۆنترۆڵی کردوون لە هەرێمی ناگۆرنی کارەباخ.

هاوکات ئەرمینیا ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر کشانەوە بۆ ناوچە نزیکەکان لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا.

لە لایەکی ترەوە ڤلادیمێر پۆتین سەرۆکی ڕوسیا کە ناوبژیوانییەکەی کردووە، لە وتاریکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، هێزە ئاشتی پارێزەکانی ڕوسیا بەم نزیکانە لەناوچەکانی چاودێری جێگیر دەکرێن، بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگ.

سەرۆکی ڕوسیا ئاشکرایکرد، ڕێککەوتنەکە ئاڵوگۆڕکردنی دیل و دەستگیرکراوەکانیش لەخۆ دەگرێت و هەموو پەیوەندییە ئابورییەکان و هۆیەکانی گواستنەوەش دەکرێنەوە.

هاوکات وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند، هێزە ئاشتی پارێزەکانی وڵاتەکەی کە لە ١٩٦٠ کەس پێکهاتوون، ئەمڕۆ ڕاپۆرتەکانیش باسیان لەوە کرد، فڕۆکەیەکی سەربازیی کە هێزە ئاشتی پارێزەکانی هەڵگرتووە گەیشتووەتە ناگۆرۆنی کارەباخ.

هاوکات ئیهام عەلییف سەرۆکی ئازەربایجان کە بە بەشداری وتارەکەی کرد لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڕایگەیاند، تورکیا بەشداری دەکات لەگەڵ هێزە ئاشتی پارێزەکان.

عەلییف ڕاشیگەیاند، ڕێککەوتنە نوێیەکە بایەخێکی مێژوویی هەیە و دەگاتە ئاستی خۆبەدەستەوەدان لەلایەن ئەرمینیاوە.

لە بەرامبەر باشینیان سەرکی حکومەتی ئەرمینیا ڕایگەیاند، ڕازی بوونی لەسەر ڕێککەوتنەکە پشتی بەستووە بە لێکدانەوە و شیکردنەوەی قوڵ بۆ هەڵوێستی بەرەکانی شەڕ و گفتوگۆ لەگەڵ پسپۆران.

سەرۆکی ئەرمینیا وتیشی "ئەمە سەرکەوتن نییە، بەڵام بەزینیش نییە تەنها لەو کاتەدا ئەگەر خۆمان بە دۆران لە قەڵەمدا".

لەلایەکی ترەوە ئارایک هارتیونیان سەرۆکی هەرێمی کارەباخ ڕایگەیاند، ئاگر بەست هیچ سودی نییە  بە تایبەت دوای کەوتنی شاری شوشا، کە بە گەورەترین هەرێمی ناوچەکە دادەنرێت لەسەر دەستی هێزەکانی ئازەربایجان.

ئاماژەی بەوەشکرد، شەڕ هێشتا بەردەوامە و زیانەکان زۆر گەورەن.

سەبارەت بە زیانەکانی جەنگەکەش دەسەڵاتدارانی ئەرمینیا ڕایانگەیاند، تا ئێستا ١٢٠٠ کەس لە هێزە سەربازییەکانی کوژراون و ژمارەیەکش لە هاوڵاتیانی مەدەنیش کوژراو و بریندار بوون.

بەڵام تا ئێستا حکومەتی ئازەربایجان هیچ ژمارەیەکی لەسەر زیانە گیانیەکانی وڵاتەکەی لە جەنگەکەدا ئاشکرا نەکردووە، بەڵام دەڵێت ٨٠ هاوڵاتی مەدەنی کوژران.