لەمڕۆوە وەرزی ڕاوە ماسی لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەوە

15/06/2020
فۆتۆ: 
سلێمانی

لەمڕۆوە وەرزی ڕاوە ماسی لە هەرێمی کوردستان دەستپێدەکاتەو، پۆلیسی دارستانی سلێمانییش دەڵێت، لە ماوەی قەدەغەی راوە ماسیدا زیاتر لە 130كەس دەستگیركراون.

هێمن کەمەرخان ئەفەندی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، لە ماوەی سێ مانگی قەدەغەی راوە ماسیدا 134 كەس بەهۆی سەرپێچیانەوە دەستگیركراون.

وتیشی، هەر لەو ماوەیەدا چوار ئۆتۆمبێل و 18 ماتۆڕ سكیل دەستیان بەسەر داگیراوە.

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی روونیشیكردووە، لەو ماوەیەدا 200 ماسی زیندوویان دەستبەسەرداگرتووە و دواتر ئازادكراون و 600 ماسیی دیکەش دەستیان بەسەرداگیراوە و لەگەڵ چەندین كەرەستەی دیكەی راوكردنی ماسیدا.

ساڵانە بە بڕیاری وەزارەتی كشتوكاڵی حکومەتی هەرێم، لە ناوەڕاستی وەرزی بەهار قەدەغەكردنی راوی ماسی دەستپێدەکات و تا ناوەڕاستی مانگی حوزەیران بەردەوام دەبێت.