جۆنسۆن ستایشی بایدن دەکات و ترەمپیش بە سەرۆکی پێشوو ناو دەبات

11/11/2020
فۆتۆ: 

بۆریس جۆنسۆن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەلأ جۆ بایدن سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپی بە سەرۆکی پێشوو ناوبردووە.

ماڵپەڕی بزنس ئینسایدەر  لە زاری جۆنسۆنەوە بڵاویکردەوە، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی زۆر باشی لەگەڵ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکادا ئەنجامداوە، لەکاتێکدا سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بە یەکێک لە هاوپەیمانە سەرەکییەکانی ترەمپ دادەنرێت.

بە گوێرەی هەواڵەکە جۆنسۆن خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە  کە گوێی لە بایدن دەبێت بەرگری دەکات لە دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، بە پێچەوانەی هێرشەکانی ترەمپەوە کە دەیکردنە سەر ڕێکخراوی تەندروستی  جیهانی و ناتۆ.

جۆنسۆن ڕایگەیاندووە، لە کاتی وتوێژەکەدا ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا، پێویستە پێکەوە دەستبگرن بە بەها جیهانییەکان و مافی مرۆڤ و بازرگانی ئازاد و ناتۆ و پێکەوە جەنگ دژی گۆرانکاریەکانی کەشوهەوا بکەن.

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا باسی لەوەشکردووە، پێشتر پەیوەندییەکی باشی هەبووە لەگەڵ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا و ئینکاری ئەوەش ناکات، چونکە ئەرکی هەموو سەرۆک وەزیرانێکی بەریتانیایە، پەیوەندیی باشیان هەبێت لەگەل کۆشکی سپیدا.