نەوزاد جەمال، کتێبێک سەبارەت بە سینەما و فەلسەفە بڵاودەکاتەوە
لە نوێترین بەرهەمیدا نەوزاد جەمال، کتێبێک سەبارەت بە سینەما و فەلسەفە بڵاو دەکاتەوە. کە توێژینەوەكە سەرەتایەکە سەبارەت بە فەلسەفەی فیلم و لە دووتوێی 192 لاپەڕەدا ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
نووسەر لە پێشەکی کتێبەکەدا سەبارەت بە ناوەرۆکی کتێبەکە ئەوە دەخاتەڕوو کە سینەما و فەلسەفە، بابەتێکی فراوان و تاڕادەیەکیش نوێیە، بەتایبەت لە کتێبخانەی کوردییدا.
ئەو نوسەرە ئەوەشی وتووە، 'فەلسەفەی فیلم' توێژینەوەیە لەسینەما و فیلم وەک کایەکی سەربەخۆ و خۆبەخۆ کە خاوەنی دەزگا و چەمک و بۆچوون و لێکدانەوەی تایبەت بەخۆیەتی.
نەوزاد جەمال وتوشیەتی: فیلم وەک جۆرێ لەبیرکردنەوە، هزراندن و ڕامان، پرسیارکاری و ئاوێتەکردنی کایەکانی هونەر و فەلسەفە و زانست و ئەندێشە لەیەکتردا کاری لەسەرکراوە. بەدەربڕینێکیتر، ئەم کتێبە خوازیارە بڕواتە ئەودیو وێنە و دیمەنی جوڵاوی فیلمەوە، بچێتەپشت پەردەی سینەما و پیشەکەوە. بۆیە، نەک تەنها بیرکردنەوە لە فیلمدا بکاتە چەقی توێژینەوە، بەڵکو فیلمسازی وەک جۆرێ لەبیرکردنەوە و جیهانبینی هونەریانە تاوتوێ دەکات.
نوسەر وتوشیەتی: ڕەنگە کتێبەکە بەتەنها بۆ خوێندکاری بەشی سینەما نەنووسرابێت، ئەوەندەی بۆ ئەوانەشی کە سەروکاریان لەگەڵ فەلسەفەدایە و دەیانەوێ فەلسەفییانە لەجیهانی فیلم و پیشەی سینەماسازی تێبگەن.
|