تابلۆ بەناوبانگەکەى (ئۆرفیوس و یۆریدکا) بناسە

13/11/2020
فۆتۆ: 




(ئۆرفیۆس) یەکێک لە کاراکتەرە ناسراوەکانى ئەفسانەى یۆنانى، ئەو ژەنیارى ئامێر قیسارەیە، بە ئاستێکى جادوویی موزیک دەژەنێت، ڕۆژێک مارێک هاوسەرەکە کە ناوى (یۆریدکا)یە بەهۆی پێوەدانى مارێکەوە دەمرێت، ئۆرفیۆس کە ئەمە دەبیستێت، لە دونیاى مردوواندا بۆ هاوسەرەکەى دەکەوێتە گەڕان، ئەمەش لە ڕێگەی خواوەندی ئەو سەردەمانە ئەپۆڵۆوە، بەڵام خواکان یاسایەکی بۆ دادەنێن، کە پێی دەڵێن: بەمەرجێک دەزگیرانەکەت بۆ دونیایی زیندووان دەگەرێنینەوە، کاتێک تۆ لە دونیایی مردووان دەردەچیت، بە هیچ جۆرێک ئاوڕ بۆ دوواوە نەداتەوە، ئۆرفیۆس تاکو نیوەی ڕێگاکە پەیوەست دەبێت بە داواکاریی خواوەندەکانەوە، چونکە دڵنیا نییە لە بوونى هاوسەرەکەى لە دوایەوە، بۆیە سەیری دواوە دەکات، تاکو دڵنیا بێت لەوەی کە یۆریدکای خێزانی لە پشتیەوەیەتى، لەو کاتەدا خواکان دەزانن کە یاساکانی شکاندووە، لەبەرامبەردا بڕیار دەدەن یۆریدکا لە دونیایی مردوواندا دیل بکەن، لەوە بەدوا ئۆرفیۆس ڕەنج بە خەسار و سەرگەردان دەبێت.

ئەم تابلۆیە کارى نیگارکێشی بەریتانی (فردرێک لایتن)ە کە دیمەنى هەریەک لە ئۆرفیۆس و یۆردریکا دەردەخات، لەم تابلۆیەدا وەکو دیارە ئۆرفیۆس نایەوێت سەیرى هاوسەرەکەى بکات، لە کاتێکدا هاوسەرەکەى بە جەستە و دەموچاو تامەزرۆیی بۆ ئاوڕێکى دەربڕیوە، ئەم ئاوڕنەدانەوەیەى ئۆرفیۆس بە ئاڕاستەى هاوسەرەکەى لە ڕق نییە، بەڵکو لە خۆشەویستییە، خۆشەویستییەک کە نایەوێت لە دەستى بدات.

ئۆرفیۆس بە چەشنێک ئازارى ئاوڕدانەوەى چەشتووە، ڕەنگە بۆ هەمیشە ئامادەنەبێت ئاوڕ بەلاى هاوسەرەکەیدا بداتەوە، بەڵام بەداخەوە لە کاتێکى نەگونجاودا ئەو بڕیارەى داوە کە چیتر ئاوڕنەدانەوە ناتوانێت هیچى بۆ بکات، بەڵکو ئەو لەلایەن خواوەندەکانەوە بۆ هەمیشە سزادراوە بە دووریی، دووریی لە خۆشەویستەکەى، لە ئۆریدکا.