هیوا قادر لە کاردانەوەکان لەبەرامبەر کارە هونەرییەکەى شەقامى سالم توڕەیە

13/11/2020
فۆتۆ: 




شاعیر و نووسەر (هیوا قادر) کە یەکێکە لە نووسەرە دیارەکانى کورد وەک بەرەنگارییەک لە بەرامبەر ئەو لێشاوە قسە و تانەوتەشەرە نەشیاوانەى لە کارە هونەرییەکەى هونەرمەند (تارا عەبدوڵڵا) درا، لە ئەکاونتى تایبەتى خۆى لە فەیسبووک نووسیوویەتى: هەی گەمژە، لە کاتێکدا کە پێویست ئەکات توڕەبیت تۆ توانای ئەوەت تیا نییە توڕەبیت، کە باش ئەزانیت تووڕەبوونت ئەو مافەت پێ ئەبەخشێتەوە کە لێت زەوت کراوە و ئەتکاتەوە بە مرۆڤێکی تەندروست.

ئەو نووسەرە دەشڵێت: ئایا تۆ ئەزانیت بۆ ناتوانیت توڕەبیت؟ چونکە مرۆڤێکی زەلیل و سەرکوتکراو و نوزە لێ بڕاو و لە ناوتایە. تۆ لە منداڵییەوە مامۆستاکەت بە دار شیعرت پێ لەبەرئەکات و توڕەنابیت، برا گەورەکەت خێسەت لێ ئەکات و دەستت لێ بەرز ئەکاتەوە و توڕە نابیت، باوکت بەشی خۆشەویستی تۆ ئەبەخشێت بە براگەورەکەت و تۆ توڕەنابیت.

هیوا وتوشیەتی:  موختاری گەڕەک سیخوڕیت بەسەرەوە ئەکات و توڕەنابیت، پۆلیسی بەر فەرمانگەیەک بە دار لێت ئەدات و توڕە نابیت. لە ژوورە نسرمەکانی فەرمانگەکاندا کارەکانت بۆ نابەن بەڕێوە و ئەمڕۆ و سبەینێت پێ ئەکەن و توڕەنابیت، لە دادگادا چەند ساڵێک ئەتهێنن و ئەتبەن و تۆ هیچ ناڵێیت و ناتوانیت بیسەلمێنیت تۆ لەسەر حەقیت و کەچی هەر توڕەنابیت. تەلەفزیۆنە حیزبییەکان بە تەنەکە خەشەڵ ئەخەنە سەر فەرشی ماڵەکەت و تۆ توڕە نابیت، سەرۆکی حیزبێک خوتبە ئەدات و ئەزانیت درۆ ئەکات تۆ توڕە نابیت، شەقامەکان بە وێنەی سەرۆکە نەزانەکان ئەڕازێنرێتەوە و توڕەنابیت. مەلایەکی نەخوێنەوار بە خوتبەکانی ناوچەوانت پڕ ئەکات لە تف و جنێو بە خوشک و دایکت ئەدات و توڕە نابیت، تەنافی پەڕۆی زەرد و سەوز و شینی حیزبی باڵادەست شەقامت لێ ئەگرن و ڕەنگی مۆر و قاوەیی و بێ ڕەنگی حیزبە بەرهەڵستکارە درۆزنەکان شەقامە گشتیەکانت لێ داگیرئەکەن و تۆ تورەنابیت، کۆمپانیایەکی نەزان بە کوردییەکی خراپ ڕیکلامی کاڵای تورکیت بۆ ئەکات و تۆ ئەکات بە تەنەکە خۆڵ و کەچی تۆ توڕەنابیت. موچەی ساڵێکت ئەخورێت و سەرۆک وەزیران لەبەردەم کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووسی فاشلدا ئەڵێت ئێمە موچەی هیچ مانگێکی فەرمانبەرانمان دوانەخستووە و لەکاتی خۆیدا داومانە و تۆ توڕەنابیت، ئەچیتە خەستەخانە و قەسابخانە و سەمونخانە و خانەکانی تر و حسابی یەک بەچکە پشیلەت بۆ ناکەن و تۆ هەر توڕەنابیت، سەرۆکی لیستی پەرلەمانتاری گۆڕان لێت ئەبێت بە ئیخوانی و دژ بە فەرەنسا نامەیەک بە کوردییەکی خراپ ئەنووسێت بۆ سەفارەتەکەیان و تۆ هەر لێی توڕەنابیت. حیزبە کوردییە باڵادەستەکان چەند ساڵە ئەتکەن بە تاکێک قۆنەرەی دڕا و فڕیت ئەدەنە ناو تەنەکەی خۆڵی بەردەم ماڵەکەتەوە و تۆ هیچ ناڵێیت. پەلکێشت ئەکەن بۆ بەردەم سندوقی پڕ لە تەزویری دەنگدان و تۆ هیچ ناڵێیت.

نوسەر ئاماژە بەوەش دەکات: تۆ تەنها بەوە توڕەئەبیت کە دەرپێیەکی هەڵواسراو و کارێکی هونەری دەرپێکەی دایکت بیرئەهێنیتەوە دەهریت ئەکەن، کە بە منداڵی بینیوتە چۆن باوکت لە دایکت توڕەئەبێت لەبەر ئەوەی داویەتی بە تەنەفێکدا دراوسیکەتان ئەیبینێت، بەو سوخمە پواوە توڕەئەبیت، کە ئەو دۆستە کچەت بیرئەخاتەوە کە تەفرەت داوە و ئێستا وەک قەیرە کچێک ژیانی تەنهایی خۆی ئەژی، کراسی کوردیی و کەواو سەڵتە و هێلەکی چمک سووتاوی خوشکەکەت بیرئەهێنێتەوە کە گوایە بە پەرەمێز سوتاوە و کەچی تۆ هەر توڕەنابیت. تۆ بەچی توڕەئەبیت، هەی گەمژە، تەنافێک جلی کچان و ژنانی ئیهانەکراو و زەلیلکراو توڕەت ئەکات. لە کاتێکدا ماڵی خۆتان و دەرو دراوسێ و هەموو ئەم شارە پڕە لەو تەنافە نیو مەتر و یەک مەتر و کورتانەی پڕن لەو جلە دڕاو و پینەکراوانەی تۆ و براکەت و باوکت لە بەری خوشک و ژن و دایکتدا دڕاندووتانە.

هیوا قادر دەشڵێت: تۆ ئەزانیت بۆ توڕەنابیت؟ چونکە لە لاشعورتدا ئەو دەیان جارە تەنافە کورتانەت بیرئەهێنێتەوە کە لەژێر قادرمە و بەر هەیوان و پەنجەرە و ژێر نسێکاندا هەڵدراون و جلوبەرگی دایکت و خوشکەکانت بە دڕاوی و پینەکراوی پیایاندا هگەڵواسراون! چونکە تۆ ئەوەندە پچوککراویتەوەوە کە لە بچووکی خۆتدا جگە لە گرێ بچووکەکانی ناو دەروونە بچووکەکەت هیچ شتێکی تر نابینیت. بە جەهەنم چیت، تۆ بۆ توڕەنابیت! توڕەبوونی گەمژانەی تۆ دنیا وێران ئەکات، بەڵام تورەبوونی هوشیارانەی تۆ ڕەنگە ژیانێکی جوانترت بۆ فەراهەم بکات کە لەم ژیانە زەلیل و ناشیرینەی ئێستات باشتربێت.