نازم دەباغ: قائانی داوای لە سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم کردووە سەردانی ئێران بکەن

14/11/2020
نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران
فۆتۆ: ئەرشیڤ
تاران

نوێنەری حکومەتی هەرێم لە تاران رایگەیاند، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بانگهێشتی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، لە کاتێکی گونجاودا سەردانی ئێران بکەن.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی ژیان، نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران ئاشکرایکرد، مانگی رابردوو ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران سەردانی هەرێمی کوردستان و عێراقی کردووە و لە میانی سەردانەکەشی، بانگهێشتی زۆربەی بەرپرسانی حکومەتی هەرێم، لەوانەش سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی وزیران کردووە لە کاتێکی گونجاودا سەردانی ئێران بکەن.

وتیشی، "سەردانەکەی قائانی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق پەیوەندی بەو رووداوانەوە هەیە کە لە عێراق دەگوزەرێن، هەروەک لە رابردووشدا کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان پێویستیان بە راوێژ و ئاڵوگۆڕی بیروڕاکانیان هەبووە و بۆ ئەو مەبەستەش نوێنەراکانیان راستەوخۆ سەردانی یەکتریان کردووە و وتووێژیان کردووە".

 نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران راشیگەیاند، پەیوەندییە بازرگانییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران، لەمساڵدا لە بەرەوپێشچووندا بووە، بەڵام سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا تاڕادەیەک کێشەی بۆ ئەو جۆرە پەیوەندییە دروستکردووە.