لە كیسە تووتنەوە بۆ مۆبایل و ئایپاد

15/11/2020
فۆتۆ: 

جەبار جەمال غەریب

نەوەكان بەو ئامێرانەوە دەناسرێنەوە كە لەگەڵیان گەورە بوون، هەر نەوەیە لەگەڵ جۆرێك لە ئامێر گەورە دەبێت. نەوەی گاسن و ئەسپسواری، نەوەی كیسەتووتن وحوجرە، نەوەی قوتابخانە و خوێندەواری و مونەوەر، نەوەی كامێرا و سینەما تا دەگاتە نەوەی ئەلیكتڕۆن و ئایپاد و مۆبائیل. من بە تەقەڵی درشت نەوەكانم جیاكردۆتەوە، زۆر ئاو و سەردەمی دیكەش هەیە.

هەموو نەوەیەك كەلوپەل و ئامێری خۆی هەیە، بە تەنیشت ئەوەیشەوە شوێن و لۆكەیشنی خۆی هەیە، ئەوە جگە لە جلوبەرگ و ستایلی جیاواز و وردە وسایلی دیكە.

بۆ نموونە تۆ كە پیاوێك دەبینی كیسەیەكی بە پشتێنەكەیەوە هەڵواسیوە، ڕاستەوخۆ دەزانی ئەوە كیسەی تووتنە و دەبێ سەبیلێك و پەڕەسیغاریشی تێدابێت. دەبێ كابرا جلكی كورد لەبەر بێت، كە جەمەدانی لەسەر نەبێت، دەبێ قژی بۆز و ئاڵۆز بێت.

لۆكەیشنی ئەو وێنەیە كە كۆن بێت لە لادێیە، نزیك دەشت و گێڵگەیە، كە تۆزێك نوێتر بێت ئەوە لە پەنا مزگەوتە یان سەر دووكانێكە. تەنها كیسە و سەبیلە تووتنەكە دەلالەتی جۆری ژیان و ئاستی ژیانی كەسەكانن. هەر بە كیسە توتنەكەوە دەزانین كەلوپەلی ماڵی ئەو پیاوە چییە، نەخشەی خانووەكەی، شوێنی نووستنی. هەموو شتێك ئاشكرادەكات. لە هەمووی گرینگتر ئاستی بیركردنەوە و بۆچوونی بۆ ژیانیش ئاشكرایە، ئەوەش مەبەستی منە. ئەوە تەنها نموونەیەك بوو. پێویستمان بە نموونەیەكی جیاوازترە.

بەر دەرگای قوتابخانەیە، یان بەردەمی كتێبخانەیەكە، چەند كەس كتێبیان بەدەستەوەیە، ئەوانە نەوەی كتێبن. نەوەی كتێب و قەڵەم، نەوەی وشە و نووسین. نەوەی ڕەشوسپیشیان پێ دەڵێن. ئەو كات كتێب لە چاوی نەخوێندەوارانەوە، پەڕەی ڕەش و سپی بوو. سەر بە سەرداگرتنی پەڕەی ڕەشوسپی.

نەوەی كتێب نەوەیەكی تایبەتە، موقەدەسی لە خێڵ و مەلاوە گواستۆتەوە بۆ ناو كتێب و دەبێتە پاڵەوانی ناو ڕستەكان، واتا تەنها گۆڕینی كەلوپەلەكان نیە، گۆڕینی فكریشە. ئەو كەسە لە وێنەیەكدا كتێبی بەدەستەوەیە جلكوبەرگی جیاوازە، قژ و ڕیشتاشینی جیاوازە. لە پشت دیمەنەكەوە ژیان و ماڵی ئارامتر و ڕێكخراوترە هەستپێدەكەین.

نەوەی كتێب دەستخەتی خۆشە، كوردی نووسینەكەی پاراوە، زانیاری گشتی زۆرە، ناوی وڵات و پایتەخت و نووسەرانی جیهان و مێژووی شەڕەكان و زۆر شتی دیكەش دەزانێ. بێ سەفەر هاوڕێی بیانی هەن.

- بازێك دەدەم و بە پەلە دەچمە سەر نەوەی مۆبائیل و ئاپاد و كۆمپیتەر. 

ئەو نەوەیە جارێ بەتەواوی خۆی نمایش نەكردووە، نەوەی كتێب و خوێندنەوە تا خۆی نمایش كرد كاتێكی زۆری ویست. هەر چەند ئەو نمایشكردنە لە وڵاتیكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە جیاواز بوو. لە فەڕەنسا شۆڕشی قوتابیان بەرهەمی ئەو نەوە خوێندەواریە. بۆ ئەوەی بابەتەكە ئاڵۆز نەبێت ناچمە سەر كاریگەری كتێب و خوێندنەوە لە سەر كۆی كایەكانی ئەوروپا، تەنها و تەنها لەو كوردستانە بە دەر لە سروشت و یاسایە دەمێنمەوە.

نەوەی كتێب و قەڵەم لە ناوەندی بیستەكانی سەدەی ڕابردوو دەركەوتن. كاریگەرییان بەسەر تەواوی كایەكانی كۆمەڵگەوە هەبوو. ویستیان شوێن پێی خۆیان بە سەر كۆمەڵگەوە جێبهێڵن.

لە بواری كۆمەڵایەتییە برەویان بە یەكسانی هەژار و دەوڵەمەند ، گەنج و پیردەدا. بە گژ جەهالەتدا دەچوونەوە، ئاڵایان دژی شێخ و ئاغا و مەلا هەڵكردبوو، كە ئەو كاتە سێ كوچكەی بەڕێوەبردنی كۆمەڵگە و سەركوتكردنی خەڵك بوون. بۆ دۆزینەوەی پەیامەكانی ئەو نەوە خوێندەوارە دەكرێ لە شیعری شاعیراندا بۆی بگەڕێین بە تایبەتی شیعرەكانی قانع و هاوسەردەمەكان. ئەو نەوەی كتێبە نمایشی بوونی خۆیان لە هەڵوێستەكانیدا كردوە، سەردەمەكەشیان دەشێ ناوی (سەردەمی هەڵوێستی) لێبنرێ.

بۆ ئەوەی بتوانم دەربارەی نمایشەكانی نەوەی ئەلیكترۆن و ئەنتەرنێت چەند سەرەداوێك بدۆزمەوە دەبێ زیاتر نمایشەكانی نەوەی كتێب بناسێنم.

- یەكەم كایەی نەوەی كتێب بەرەوڕووی بۆوە شێوازی خوێندن و ڕێگاكانی خوێندن بوون.

- گەشەكردنی هەستی نەتەوایەتی كە دڵدار پێشەنگی نەوەكەیەتی.

- هەستانە سەرپێی ژن، نەوەی خوێندەوار گەورەترین هەنگاوی لە بواری جوڵانەوەی ژندا نا، بە جۆرێك ژن توانی بێتە ناو هەمو كایەكانەوە، بە جۆرێك ڕەمز و پایەكانی نەوەی پێشوو نەیانتوانی بەرگری بكەن، كچان خۆیان یان كچانی شێخ و مەلا و ئاغاكان ڕۆڵی گرینگیان هەبوو لە بەرەو پێشبردنی ڕۆڵی ژندا. من نەوەی ژنە خوێندەوار و چالاكەكان ناو دەنێم ژنانی شۆڕشگێری كۆمەڵایەتی. ئەو ژنانە بەوپەڕی جورئەتەوە توانییان پانتاییەكی فراوانی قوتابخانە و فەرمانگە و كایەكانی دیكە داگیر بكەن و قسەیان وەرگیرێت و سەربەخۆیی ئابووریشیان هەبێت.

- پۆشاك، نەوەی كتێب لە ڕێگای پۆشاكەوە پەیامی خۆی دەگەیاند، گەنجان بەتەواوی جلكوبەرگی خۆیان لەگەڵ نەوەی پێش خۆیان جیاكردبۆوە، بە شێوەیەك كە هەرگیز پێشتر ئەو جیاوازییە بەو ئەندازە فراوانە نەبینراوە. پانتۆڵی ئەوروپایی، كراسی یەخەپان و خەنافس و پرچی درێژی تایبەت و چەندان شێوازی دیكە. 

لە بواری گۆڕینی پۆشاك  ژنان مەعجیزەیان نواند، لە ماڵی سۆفی كە خەڵك بۆ تەبروك ڕوویان تێدەكردن كچی مینیژۆپ لە پێی و قژكاری فەڕەنسی دەهاتنەدەر، كچە مەلا و حاجی سەرەی چوونە سینەمایان دەگریت. ئەوەی جێگای سەرنجە ئەو چەند دێڕەی من (ئەمڕۆ) دەشێ بە چاوێكی نیگەرانییەوە سەیربكرێت، بەڵام دەركەوتنی ئەو ژن و كچە مۆدێرنانە(لەكاتی خۆیدا) هەرگیز بە نامۆ سەیرنەكران و ئەوپەڕی ڕێزیان لێدەگرا. ئەوەش یەك مانای هەیە، ئەویش ئەوەیە، نەوەی كتێب و خوێندن بە ئیرادەوە هاتبوونە مەیدان، نەك تەنها بۆ خۆ نمایشكردن.

هەموو ئەوانە دەنووسم بۆ ڕێ خۆشكردن، بۆ بابەتە هەڵبژاردەكەم، ئەویش ئەوەیە:

- نەوەی ئەنتەرنێت و ئایپاد و ئەلیكتڕۆن چۆن خۆی نمایش دەكات؟