ژمارەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق ئاشکرا بوو

15/11/2020
فۆتۆ: 

وتەبێژی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی ژمارەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکای لە عێراق ئاشکرا کرد، کە لە ئێستادا لە ئەرکدان.

واین مارتۆ وتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاندووە، ئەو هێزانەی ئەمریکا کە سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتین و لە عێراق کاردەکەن، لە ئێستادا ژمارەیان نزیکەی ٣ هەزار سەربازن.

مارتۆ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ئێستادا بریتیە لە هاوکاریکردنی هێزەکانی عێراقە لە ڕاوەدوونانی پاشماوەکانی چەکدارانی داعش، هێرشی ئاسمانی لە دژی داعش لەسەرداوای هێزە عێراقییەکان.

جەختیشیکردەوە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوودا ٣٧٨٠٠ هێرشی ئاسمانی ئەنجامداوە، هێزە عێراقییەکانیش دەریانخستووە کە توانای دژایەتیکردنی تیرۆریان هەیە و سەرکەوتنی گەورەشیان تۆمار کردووە، لەو ناوچانەی کە سروشتێکی سەختیان هەیە.