لە حەوت ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 20 هەزار کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە

15/11/2020
لە حەوت ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 20 هەزار کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ

بەپێی ئامارەکانی دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران، لە حەوت ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 20 هەزار کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و لەمساڵیشدا ٩٠٠ کەس لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە.

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران بڵاویکردەوە، ڕۆژی پێنشەممە، ژمارەیەک کۆچبەر لە ژێرئاوکەوتنی بەلەمەکەیاندا لە نزیک سنوری لیبیا و لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستدا.

ئاشکراشیکردووە، بەلەمەکە لە لیبیاوە دەرچووە و لە نزیک سنوری خەمسدا ژێرئاوکەوتووە .

ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەمساڵدا چەندین جار ڕووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەم لە دەریای ناوەڕاستدا ڕوویداوە، بەشێوەیەک کە بەلەمەکان لە لیبیا و تونسەوە بەڕێدەکەون و بە ڕێگایەکی مەترسیداردا تێدەپەڕن تەنها بۆ گەیشتن بە ئەوروپا.

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری پەنابەران راشیگەیاندووە،  لە دوایین ڕووداودا ژمارەیەک کۆچبەر بوونە قوربانی ڕێی ئەوروپا و ماسیگرەکان و پاسەوانانی سنورەکە بەدوای ڕزگاربووەکاندا گەڕاون .

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەلەمەکە ١٢٠ گەنج و منداڵ و ئافرەتی تێدا بووە، ٤٧ کەس ڕزگارکراون و ٣١ تەرمیش دۆزراوەتەوە. لە چەند ڕۆژی رابردووشدا، بە لایەنی کەمەوە ١٩ کەس خنکاون کە دوو منداڵیشیان تێدابووە .

بەپێی ئەو ئامارانەی دەست دەزگای لوتکە کەوتووە، لە ٧ ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە ٢٠ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، هەروەها تەنها لەمساڵدا ٩٠٠ کەس لە دەریای ناوەڕاستدا گیانیان لەدەستداوە و لە سەرەتای تشرینی یەکەمدا ٨ ڕووداوی ژێرئاوکەوتنی بەلەم لە دەریای ناوەڕاستدا ڕوویداوە.