پۆمپیۆ: هەفتەی داهاتوو واشنتۆن سزاکانی لەسەر تاران توندتر دەکاتەوە

15/11/2020
فۆتۆ: 

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایکرد، وڵاتە سورە لەسەر چڕکردنەوەی سزاکانی سەر ئێران، لە پای ئەو سەرکەوتنکردنە سیاسیانەی کە دەسەڵاتدارانی ئێران دژ بە نەیارەکانی ئەنجامی دەدات.

ئەو وتانەی پۆمپیۆ لە بەیاننامەیەکدا کە لە لایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە بڵاوکرایەوە و ئاماژە بەوە دەکات، تاران لەدوای خۆپیشاندانەکانی ساڵێک لەمەوبەری ئەو وڵاتە، ویستوویەتی بەڵگەکانی کارە توندوتیژی و سەرکەوتکەرەنەکانی خۆی لەڕێگەی چاودێری پەیڕەوکردنی سیاسەتی چاوترسێنکردنەوە بشارێتەوە، دواتریش خزمەتگوزارییەکانی ئینتەرنێت ڕاگرت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستاش دەسەڵاتدارانی ئێران ڕەتیدەکەنەوە هیچ لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ بکرێت لە ڕوداوی ئەو کوشتنانەی کە لە ماوەی ڕابردوودا ئەنجام دراون.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان قوربانییەکانی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لە یاد ناکەن، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ لێپرسینەوە لە بەرپرسی ئەو کارانە و هەفتەی داهاتوو ڕێوشوێنەکانی تایبەت بە تێوەگلانی ئەو کەسانەی دەستیان هەبووە لە سەرکوتکردنەکاندا ئاشکرا دەکەن، لەپێناو وەدیهێنانی دادپەروەریی بۆ گەلی ئێران.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هیوای خواستووە سەرجەم وڵاتان بە دەنگ داخوازییەکەیانەوە بێن کە ئاراستەی دەسەڵاتدارانی ئێرانیان کردووە، بە مەبەستی ئازادکردنی سەرجەم دەستگیرکراوە سیاسییەکان و زیندانیان ڕای ئازاد.