بیری ئاشو زەردەشت و ئایینی یارانی

16/11/2020
فۆتۆ: 

ئەم کتێبە یەکێکە لە سەرچاوە پوخت و پڕ زانیارییەکان دەربارەی زەردەشت و ئایینی زەردەشتی، کە لە نووسین و کۆکردنەوەی میهردادی قەدردان-ـە و غەریب پشدەری وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و لەلایەن کتێبخانەی مەم و زینەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.



ئەم کتێبە گرنگە لە سێ بەشی سەرەکی پێکهاتووە :

۱- بیری ئاشوزەردەشت (گاتاکان): لەم بەشەدا 440 گاتا بە زمانی شیرینی کوردی خراونەتە ڕوو.

۲- ئاوێستا (ئاڤێستا): لەم بەشەدا زانیاریی زۆر دەربارەی ئاوێستای کتێبی زەردەشتی خراوەتە ڕوو. ئاوێستا چییە؟ کەی نووسراوە؟ چۆن نووسراوەتەوە؟ چۆن لەناوچووە؟ 
نووسەر ئەوە دەخاتە ڕوو کە بەپێی زۆربەی سەرچاوە مێژووییەکان ئاوێستا بە ئاوی زێڕ لەسەر دوازدە هەزار پێستی مانگا نووسراوەتەوە، بەڵام لەگەڵ هێرشی ئەسکەندەر بۆ سەر وڵاتی فارس ئاوێستا دەسووتێندرێت و بەشێکی زۆری لەناو دەچێت.

۳- دەقە پەهلەوییەکان - ئەقڵە پیرۆزەکان و پەند و ئامۆژگارینامەکان.

هەروەها وەرگێڕی کتێبەکە، بەشێکی بەناوی (پاشبار) بۆ کتێبەکە زیادکردووە، کە لە چەندین بابەتی بەپێز پێکهاتووە کەوا وەرگێڕ لە سەرچاوەی دیکەوە وەریگرتوون. 

کتێبی "بیری ئاشوزەردەشت و ئایینی یارانی" یەکێکە لەو سەرچاوە هەرە گرنگانەی لەسەر کەسایەتیی زەردەشت و ئایینی زەردەشتی لە کتێبخانەی کوردیدا هەن. جگە لەمەش، هەر هەوڵێکی لەم جۆرە زۆر گرنگە، بەو پێیەی سەلمێنەری ئەوەیە کە کورد نەتەوەیەکی دێرینی خاوەن شارستانییەتە.

کتێبەکە لە دوو توێی 240 لاپەڕەی قەبارە مامناوەندیدا لەلایەن مەم و زینەوە چاپ و بڵاوکراوەتەوە.