کۆمپانیای مۆدێرنا سەرکەوتنی ڤاکسینی کۆرۆنا ڕاگەیاند

16/11/2020
فۆتۆ: 

کۆمپانیای مۆدێرنای ئەمریکا ئاشکرایکرد، ڤاکسینەکەی کە بۆ دژی کۆرۆنا کاری لەسەر دەکات، بەڕێژەی لە ٩٤.٥ % کاریگەریی هەیە.

لە بەیاننامەیەکدا کۆمپانیاکە بڵاویکردەوە، لە تاقیکردنەوەکەدا ڤاکسینەکە کاریگەرییەکی بنەرەتی دروست کردووە، ئەوەش دوای شیکردنەوەیەکی سەرەتایی بۆ ئەنجامی قۆناغی سێهەمی تاقیکردنەوەکانی ڤاکسینەکە، بە تایبەت کاتێک دەرکەوتووە، کاریگەرییەکەی گەیشتووەتە ٩٤.٥%.

بە گوێرەی بەیاننامەی کۆمپانیاکە ئەنجامی سەرەتایی بەکارهێنانی ڤاکسینەکە، پشتی بەستووە بە ٩٥ حاڵەتی جیاجیا، لە هاوڵاتیانی بە رەگەز لاتینی و ئەمریکی و ئەفریقی و ئاسیایی، ئاماژەی بەوەشکردووە تا ئێستا هیچ مەترسییەک ڕانەگەیەنراوە لەڕووی سەلامەتییەوە ڤاکسینەکە هیچ زیانێکی هەبێت.

کۆمپانیاکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە چەند هەفتەی داهاتوودا بەپەلە داوایەک پێشکەش دەکات، بۆ ئەوەی ڕێگەی بەکارهێنانی بەپەلەی پێ بدرێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر کۆمپانیای مویرنای ئەمریکا ، داوایەکی ئاراستەی خۆبەخشەکان کرد بۆ تاقیکردنەوەی ڤاکسینەکەی، بۆ ئەو مەبەستەش لە قۆناغی کۆتایی تاقیکردنەوەکادا، لەسەر ٣٠ هەزار کەس تاقیکرایەوە.