ئەڵمانیا سیخوڕێکی میسری لە نوسینگەی مێرکڵ ئاشکرا کرد

16/11/2020
دیدارێکی پێشتری مرێکڵ و سیسی
فۆتۆ: 

دەزگای دادوەریی ئەڵمانیا ئاشکرایکرد، تۆمەتی سیخوڕیکردنی ئاراستەی هاوڵاتیەکی میسری بە ڕەگەز ئەڵمانی کردووە، کە لە نوسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری ئەڵمانیا کاریکردووە.

دادگای ئەڵمانیا گومانی هەیە لەوەی "ئەمین- ک" کە لە میسر لە دایک بووە و ماوەی چەند ساڵێکە زانیاری ڕەوانەکردووە بۆ دەزگای هەواڵگری گشتی میسر، بەسوود وەرگرتن لە پۆستەکەی کە لە ساڵی ١٩٩٩ کاری تیا دەکات.

دەزگای داواکاری گشتی ئەڵمانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، ئەمین لە بەشی سەردانەکانی سەنتەری میدیایی فیدراڵی ئەڵمانیا کاریکردووە، ئەو بەشە بەرپرسە لە چالاکییە میدیاییەکانی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا، گومانیش هەیە لە ساڵی ٢٠١٠ وە زانیاری بۆ دەزگای هەواڵگری وڵاتەکەی ڕەوانەکردبێت.

بەگوێرەی بەیاننامەکەی داواکاری گشتی ئەڵمانیا، تۆمەتبارەکە هاوکاری دەزگای هەواڵگری میسری کردووە، بە تێبینی سەبارەت بە شێوازی چارەسەرکردنی دەزگاکانی ڕاگەیاندن سەبارەت بە سیاسەتەکانی دەرەوە و ناوەوە لەو ڕووەوەی کە پەیوەندی هەیە بە میسرەوە، هەروەها هەر زانیارییەکی دیکە سەبارەت بەو وڵاتە.

لە بەرامبەر ناردنی زانیارییەکانیش ئەو سیخوڕە ویستوویەتی دەستکەوتی لە لایەن دەسەڵاتدارانی میسرەوە پێ دەستەبەر بکات.

ڕاپۆرتی دەزگای هەواڵگری ئەڵمانیا لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرایکردووە، دەزگای هەواڵگری گشتی میسر و دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی لە ئەڵمانیادا چالاکن، بەردەوام لە هەوڵی کۆکردنەوەی زانیاریان لەسەر کەسانی نەیار بە دەسەڵاتی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆک کۆماری میسر لە ئەڵمانیا، بە تایبەت لایەنگرانی کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمین، کە لە ساڵی ٢٠١٣ وە لە ناوخۆیی میسر بە تەواوی قەدەغە کراون.