ترەمپ بەنیازە ژمارەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و ئەفغانستان کەمبکاتەوە

16/11/2020
ترەمپ بەنیازە ژمارەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و ئەفغانستان کەمبکاتەوە
فۆتۆ: ئەرشیڤ
واشنتن

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەنیازە بە فەرمانێک ژمارەی هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و ئەفغانستان کەمبکاتەوە.

تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، چەند بەرپرسێکی سەربازی ئەمریکا پێیانوایە، بەمنزیکانە و لەم هەفتەیەدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فەرمانێک دەردەکات بۆ ئەوەی تاوەکو مانگی کانونی دووەمی ساڵی داهاتوو، بەشێکی دیکە لە هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و ئەفغانستان بکشێنەوە.

ئاشکراشیکردووە، وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن) فەرماندە سەربازییەکانی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی کە پلانی کشانەوە دابنێن بۆ ئەوەی تا ١٥ی کانونی دووەمی داهاتوو، ژمارەی هێزەکانیان لە عێراق بۆ دوو هەزار و ٥٠٠ سەرباز کەمبکەنەوە، بەهەمان شێوەش ئەو ژمارە سەربازە لە ئەفغانستان بهێڵنەوە.

لە ئێستادا نزیکەی سێ هەزار سەرباز و راوێژکاری ئەمریکا لە عێراق بوونیان هەیە و چوار هەزار و ٥٠٠ سەربازی ئەو وڵاتەش لە ئەفغانستانن.

ئەوەش لەکاتێکدایە کە سەرەتای ئەم هەفتەیە، کریستۆفەر میلەر کە لەلایەن ترەمپەوە لە شوێنی مارک ئێسپەر وەک وەزیری بەرگری ئەمریکا بە وەکالەت دانراوە، لە نامەیەکیدا بۆ سەرجەم بەرپرس و کارمەندانی نێو وەزارەتی بەرگری (پێنتاگۆن)، پلانی وڵاتەکەی بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە ئەفغانستان و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستەڕوو و رایگەیاند، "کاتی هاتووە بگەڕێینەوە وڵات".

چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە، دۆناڵد ترەمپ بەرلەوەی کۆشکی سپی جێبهێڵێت، فەرمانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و ئەفغانستان دەدات، وەک پابەندبوونێک بەو بەڵێنانەی کە پێشتر داویەتی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و گەڕاندنەوەیان بۆ نیشتیمانی خۆیان.