ئەحمەد کایا، باڵندەیەکی کۆچەریی کە ژیانی بەخشتییە هونەر و کوردبوون

17/11/2020
فۆتۆ: 

ئەحمەد کایا هونەرمەندێکی کوردپەروەری کوردستانە ‌و لەرێی گۆرانی ‌و مۆزیکەوە کاریگەرییەکی بەرچاوی بەسەر بەرەوتی هونەری کوردییەوە هەیە، ئەو لە ساڵی 1957 لەشاری مەڵاتیەی باکوری کوردستان لەدایک بووە‌، خێزانەکەی کۆچیان کردووە‌ و لە شاری ئەستەنبوڵ گیرساونەتەو. ئەو شارە بۆ کایا ڕووبەری کاری سیاسی‌ و نان پەیداکردن‌ و ئارەزووەکانی بووە بۆ هونەر و شیعر.


ئەحمەد کایا بۆ بژێوی ژیانی خۆی ‌و خێزانەکەی شەرمی لە هیچ کارێک نەکردووە و  کاری شۆفێری ‌و کرێکاریی‌ و فرۆشیاری گەڕۆکی کردووە. ئەو ژیانە وای لێکردووە زیاتر خەمە چینایەتی‌ و نیشتمانییەکان بەهەند وەربگرێت، لەبەرامبەردا شیعر و هونەری گۆرانی کردۆتە هۆکارێک بۆ ئەوەی خەم و ئازارەکانی میللەتەکەی لێوە دەربڕێ. کایا ساڵی 1985 یەکەم ئەلبومی خۆی بەناوی (مەگری بچکۆل) بڵاو کردەوە‌، ئەو ئەلبومە لەبەرئەوەی ناوەرۆکێکی سیاسی هەبوو، لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە قەدەغە کرا. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی کە کایا زیاتر دەربکەوێ ‌‌و ئەستێرەی هونەری ئەو بدرەوشێتەوە‌، لەلایەن خەڵکی باکورەوە نازناوی گۆرانیبێژی هەژارانی پێبەخشرا.

بەهۆی هەڵوێستە سیاسیەکانییەوە گۆرانییە نیشتمانییەکانی لەلایەن حکومەتی تورکیاوە زۆر دژایەتی کرا‌، لەبەر ئەوە بەناچاری وڵاتی بەجێهێشت ‌و لەپاریس نیشتەجێ‌ بوو، ئەمەش لە دوای ئەوەی لە مەراسیمێگی گەورەدا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندانی تورک، کە بۆ بەخشینی خەلات بە کایا سازدرابوو، چووە سەر ستەیخ بە هەموو کیانییەوە دانی بە کوردبوونی خۆیدا نا، ئەو قسەیەش بووە هۆی نیگەرانی زۆرینەی ئامادەبوونی مەراسیمەکە و کایا بەر نەفرەتی بیری رەگەز پەرستی تورکەکان بووەوە،بەڵام ئەو سووربوو لەسەر هەڵوێستەکەی و بە گیانێکی پڕ لە هەستی کوردانەوە هۆڵەکەی بەجێهێشت.

ساڵی 1999 بەبێ ئامادەبوونی خۆی سزای 10ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.

جێگەی داخە ئەم هونەرمەندە گەورەیەی کورد، لەرۆژی16-11-1999 لەتەمەنی 42ساڵی لەدوورە وڵات‌ و لە شاری پاریسی فەڕەنسا کۆچی دوایی کرد‌، لەگۆڕستانی ناودارانی ئەو شارە بەخاک سپێردرا.

بەڵام گۆرانییەکانی بۆ هەمیشە لە دڵ و ناخی هەر مرۆڤێکی ڕاستگۆ و مرۆڤدۆستدا دەمێننەوە و لەگەڵ ناوهێنانی ئەودا هەمووان بیریان بۆ هەڵوێست و جوامێری و مرۆڤدۆستی هونەرمەندێک دەچێت کە ژیانی کردە قوربانی زمان و کولتوور و ڕەچەڵەکی دزراو و قەدەغەکراوی.