ئەمریکا دەستیکرد بە کەمکردنەوەی هێزەکانی لە عێراق و ئەفغانستان
ئەمریکا دەستیکرد بە کەمکردنەوەی هێزەکانی لە عێراق و ئەفغانستان
فۆتۆ: ئەرشیڤ
واشنتن
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پنتاگۆن)، کشانەوەی 2000 سەرباز لە ئەفغانستان و 500 سەربازی لە عێراق راگەیاند.
ئەمڕۆ سێشەممە ١٧ی١١ی٢٠٢٠، کریستۆفەر میللەر وەزیری بەرگری ئەمریکا بەوەکالەت رایگەیاند، "پێش کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتی دۆناڵد ترەمپ، 2000 سەرباز لە ئەفغانستان و 500 سەربازیش لە عێراق دەکشێنینەوە".
ژمارەی سەرباز و راوێژکارانی ئەمریکا لە ئەفغانستان لە 4500 سەربازەوە بۆ 2500 سەرباز کەم دەبێتەوە، لە کاتێکدا لە عێراق لە سێ هەزار سەربازەوە بۆ 2500 سەرباز کەم دەکرێنەوە.
لە گفتوگۆ تایبەتەکاندا، هەندێک لە بەرپرسانی سەربازیی ئەمریکا هۆشدارییان داوە بە دۆناڵد ترەمپ کە هەموو سەربازەکان نەکشێنێتەوە، ئەمەش بە پشتبەستن بە ئەولەویاتی دژە تیرۆری ئەمریکا لە ئەفغانستان، هەروەک ئەو بەرپرسانە خواستی خۆیان دەربڕیوە بۆ هێشتنەوەی ژمارەی سەربازەکانی ئەمریکا لەو شوێنە کە لە ئێستادا نزیکەی 4500 سەربازن.
رەخنەگرانی ئەم بڕیارەی دۆناڵد ترەمپ، باس لەوە دەکەن کە کشانەوەی سەربازەکان لە ئەفغانستان دۆخی ئەمنی لاواز دەکات و زیان بە گفتوگۆی ئاشتییانەی نێوان حکومەتی ئەفغانستان و تاڵیبان دەگەیەنێت.
بە وتەی وەزیری بەرگری ئەمریکا بەوەکالەت، بڕیاری کەمکردنەوەی هێزەکان تا ١٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢١ بەتەواوەتی جێبەجێ دەکرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی رابردوو تۆڕی هەواڵی سی ئێن ئێن لە راپۆرتێکدا ئاشکرایکرد، چەند بەرپرسێکی سەربازی ئەمریکا پێیانوایە، بەمنزیکانە و لەم هەفتەیەدا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا فەرمانێک دەردەکات بۆ ئەوەی تاوەکو مانگی کانونی دووەمی ساڵی داهاتوو، بەشێکی دیکە لە هێزەکانی وڵاتەکەی لە عێراق و ئەفغانستان بکشێنێتەوە.
|