ئیسرائیل هۆشدارییەکی توندی دایە دەسەڵاتدارانی سوریا

18/11/2020
فۆتۆ: 

دوای بۆردومانەکانی شەوی ڕابردوو فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا، وەزیری بەرگری ئیسرائیل هۆشدارییەکی توندی دایە حکومەتی دیمەشق و ڕایگەیاند ئیسرائیل ناتوانێت دان بەخۆیدا بگرێت لەبەرامبەر دروستبوونی مەترسی بۆسەر ئاسایشی وڵاتەکەی.

بینی غانتیس وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویکردەوە، بۆردومانەکانی ئەم دواییە کراونەتە سەر چەند ئامانجێکی سەر بە فەیلەقی قودسی ئێران و سوپای سوریا، کە گوایە بەنیازی چاندنی بۆمب و تەقینەوە بوون لە بەرزاییەکانی جۆلان.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل وتی "بۆ دوژمنانمان دووپاتی دەکەینەوە، ئیسرائیل توانای دانبەخۆدا گرتنی نییە لەبەرامبەر دروستکردنی مەترسی بۆسەر سەروەریی وڵاتەکەی، بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە خۆقایم کردن نادات لە هیچ بەرەیەکی شەڕەوە، ڕژێمی سوریا بەرپرسیاری یەکەمی ئەو ڕوداو و پێشهاتانەیە کە لەسەر خاکی وڵاتەکەی ڕوو دەدات".

لە لایەکی ترەوە ئەفیغای ئیدرعی وتەبێژی سوپای ئێسرائیل ڕایگەیاند، بۆردومانە ئاسمانییەکانی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر سوریا، گەیاندنی دوو  پەیامی ڕوونە بۆ ئێرانی میوان و سوریا کە میواندارییەکەی کردووە.

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل دووپاتی کردەوە، بە هیچ شێوەیەک ریگە نادەن ئێران جێگە پێی خۆی خۆش بکات لەناوخۆیی سوریا بە گشتی و لەسەر سنورەکانی ئیسرائیل بە تایبەتی.

ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێگە نادەن بە ڕژێمی سوریا چاو لەو خۆقایمکردنەی ئێران دابخات و گوێی نەداتێ.

وتەبێژی سوپای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، شەوی ڕابردوو ٨ ئامانجی گرنگ لە ناوخۆیی سوریا بۆردومان کراون، دیاترینیان سەربازیەکی سەرکردایەتی ئێران بوو، کە وەک بارەگای سەرەکی هێزە ئێرانییەکان بەکارهاتووە لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق، هەروەها بارەگایەکی نهێنی کە بەکارهاتووە بۆ پێشوازیکردن لە کەسایەتی و نێردە باڵاکانی ئیرانلە باشوری خۆرهەڵاتی دیمەشق، ئەو شوێنە بەزۆری بۆ سەرکردەکانی فەیلەقی قودس بەکارهاتووە.

 هەروەها بارەگای فیرقەی چواری سوپای سوریاش لە بەرزاییەکانی جۆلانیش یەکێک بووە لە ئامانجە بۆردومانکراوە، کە گوایە ژمارەیەک لە ئەندامانی فەیلەقی قودسی تیا بووە، جگە لە بوونی چەندین موشەکی  زەمین بە ئاسمانی پێشکەوتوو، کە شەوی ڕابردوو بەشێکیان ئاراستەی فڕۆکە جەنگییەکانی ئێسرائیل کراون لەو شوێنانەوە.

دوای ئەو ڕاگەیاندنەی سوپای ئیسرائیل، سەرچاوەیەکی سەربازیی سوریا بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بۆردومانە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل ٣ سەربازی سوری کوژراون و سەربازێکی دیکەش بریندار بووە، دژە ئاسمانییەکانی سوریاش چەند موشەکێکی ئاراستەکراوی ئیسرائیلیان خستووەتە خوارەوە.