ئەمریکا سزای نوێی سەپاند بەسەر ژمارەیەک دامەزراوە و کەسایەتیەکانی ئێراندا

18/11/2020
وەزارەتی خەزینەی ئەمریکا
فۆتۆ: فۆتۆ: ئەرشیف

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەمڕۆ جارێکی تر سزای فراوان و نویی سەپاند بەسەر دەیان کەسایەتی و دامەزراوەی نزیک لە تاران.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سزاکان "دامەزراوەی هەژارەکانی شۆڕشی ئیسلامی" دەگرێتەوە کە لە لایەن عەلی خامنەئی ڕابەری باڵای ئیسلامی ئێرانەوە بەڕێوە دەبرێت.

هەروەها سزاکان مەحمود عەلەوی وەزیری ئاسایش و هەواڵگری ئێرانیش دەگرێتەوە.

بە هەمان شێوەیە بە گوێرەی بەیاننامەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لیستی سزاکان دەیان کەسایەتی و قەوارەی دیکەی ئێران دەگرێتەوە، کە پەیوەندیان هەیە بە کەرتی کانزاکان و نەوت و گواستنەوەی ئێرانەوە.

سەبارەت بەو ڕێوشوێنە نوێیانەش، مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەو هەڵمەتە فشارەی کە وڵاتەکەی پیادەی کردووە لە دژی ئێران سەرکەوتوو بووە و وتیشی "پێویستە لەسەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نەبێتە قوربانی قسە و باسی دۆسیەی ئەتۆمی ئێران و وام لێ بکات دەستبەرداری سزاکانمان بین".

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختیشیکردەوە، ئەمریکا لە چەند هەفتە و مانگی داهاتوودا سزای زیاتر دەسەپێنێت بەسەر ئێراندا.

لەدوای دەستبەکاربوونی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە ساڵی ٢٠١٧وە، هەڵمەتی "فشاری توند"ی پەیڕەو کردووە لە دژی ئێران، کە سەپاندنی سزای ئابوری سەخت لەخۆ دەگرێت، بەو پێیەی هەمیشە واشنتۆن تاران تۆمەتبار دەکات بەوەی ئێران گەورەترین پشیتوانی تیرۆرە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

لە بەرامبەریشدا حکومەتی ئێران بەردەوام ئەو تۆمەتانەی ئەمریکا ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت واشنتۆن سەرچاوەی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە.