تەنێکی ئاسمانی پیاوێکی هەژاری کردە ملیۆنێر

18/11/2020
فۆتۆ: 

لەشەو ڕۆژێکدا پیاوێکی هەژاری ئیندۆنزیا بووە میلیۆنێر، دوای دیاردەیەکی سروشتی جیاواز بەسەر بانی ماڵەکەیداهاتووە و دەستبەجی ژیانی گۆڕاوە.

ڕۆژنامەی "ئیندیپێندنت"ی بەریتانی بڵاویکردەوە، نەیزکێکی زۆر بە بەها کەوتووەتە سەر سەربانی ماڵی ئەو پیاوە هەژارە و بە بڕی یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلار فرۆشتوویەتی.

جۆشوا هوتاگا لانگ کە کاری دروستکردنی تابوتە بۆ مردووەکان، وەک خۆی بۆ ڕۆژنامەکەی گێڕاوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات لە کاتێکدا لە باخچەی ماڵە ساکارەکەیدا سەرقاڵی دروستکردنی تابوت بووە، لەناکاو بەشێک لە بنمیچی خانووەکەی بەهۆی نەیزکێکەوە کە لە بۆشایی ئاسمانەوە هاتووە ڕووخاوە و دەنگێکی بەهێزیش بیستراوە.

جۆشوا دەڵێت کاتێک چووەتە سەر ئەو چاڵە بچووکەی کە نەیزکەکە دروستیکردووە، دەستی لێداوە هێشتا گەرمایی تێدا ماوە.

بەگوتەی پسپۆرانی  بواری بۆشایی ئاسمان و چاودێری نەیزکەکان، مادەی پێکهاتووەی ئەم نەیزکە لە "کوندریت کاربۆنی" پێکهاتووە و بە یەکێک لە مادە زۆر دەگمەنەکان دادەنرێت.

بەگوێرەی لێکدانەوەی زاناکان تەمەنی بەردە نەیزکەکە دەگاتە نزیکەی ٤ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن ساڵ، بەڵام نرخەکەی گەیشتووەتە یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆلار.

ئەو ملیۆنێرە نوێیە ئەندۆنیزییە ئاماژەی بەوەکردووە، نەیزکەکەی بە پسپۆڕێکی ئەمریکی فرۆشتووە، ئەویش دواتر فرۆشتوویەتی بە هاوڵاتیەکی تری ئەمریکی، کە کاری کۆکردنەوەی تەنەکانی بۆشایی ئاسمانە، لە ئێستاشدا لە ناوەندی توێژینەوەی نەیزکەکان لە زانکۆی ئەریزۆنا هەڵگیراوە، بە مەبەستی توێژینەوەی زیاتر لەسەر تایبەتمەندییەکانی.