کەنەدا بەنیازە لە پشکی خۆی ڤاکسینی کۆرۆنا ببەخشێت بە وڵاتانی هەژار

19/11/2020
فۆتۆ: 

ئاژانسی ڕۆیتەرز رایگەیاندووە، دەسەڵاتدارانی کەنەدی گفتوگۆ دەکەن لەسەر بەخشینی بەشێک لە پشکی خۆیان لە ڤاکسینی کۆرۆنا بە وڵاتانی هەژار.

رۆیتەرز ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە ڤاکسینەکە لە ڕێگەی سندوقی نێودەوڵەتی " سی ڤی ئەی سی ئەی سی " یەوە کە پلاتفۆرمی دابین کردنی کوتانی جیهانییە ، ڕادەست دەکرێت .

پێشتریش جەستن ترودۆ سەرۆک وەزیرانی کەنەدا ڕایگەیاندبوو کە ڤاکسینی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبێت بە خێرایی و دادپەروەرانە لە سەرتاسەری جیهاندا دابەش بکرێت .

لەم بارەیەوە حکومەتی کەنەدا پێشتر گرێبەستی لەگەڵ چەند کۆمپانیای سەرەکی ئیمزاکردووە بۆ دابینکردنی ڤاکسینی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە بڕەکەی 300 ملیۆن ڤاکسینە.

ئەوە لەکاتێکدایە هەریەکە لە کۆمپانیاکانی فایزەری ئەمریکی بیوتیکی ئەڵمانی و کۆمپانیای مۆدێرنای ئەمریکی سەرکەوتنی ڤاکسینی دژە کۆرۆنایان ڕاگەیاندوە و بەنیازن پێش کۆتای ئەمساڵ دابەشی بکەن.