ئەڵمانیا: سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپا گفتوگۆ دەکەن سەبارەت بە سەپاندنی سزا بەسەر تورکیادا

19/11/2020
فۆتۆ: 

هایکو ماس وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، چاوەڕواندەکرێت لە کۆنگرەی لوتکەی مانگی داهاتوو یەکێتی ئەوروپا، گفتوگۆ بکرێت لەسەر سەپاندنی چەندین سزا بەسەر تورکیا، لە پای هەڵسوکەوتەکانی لە خۆرهەڵاتی دەریای ناوەراستدا.

ماس بەر لە کۆنگرەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لەڕێگەی ڤیدیۆ چاتەوە ڕایگەیاند "بە داخەوە هەموو جارێک  توڕەکردن و ئیستیفزازکردنی نوێ لەسەر دەستی تورکیا دێتە ئاراوە، بۆیە ئەگەر تا مانگی داهاتوو هیچ ئاماژەیەکی ئەرێنی بەدی نەکریت لە لایەن تورکیاوە، وەک کارە ئیستیفزازیەکانی ئەردۆغان و سەردانی بۆ باکوری قوبرس، ئەوا چاوەڕواندەکرێت گفتوگۆی توند و قورس لەناوخۆیی یەکێتی ئەوروپا بێتە ئاراوە لەلایەن سەرکردەکانی یەکێتی ئەوروپاوە سەبارەت بە تورکیا".

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان لەگەڵ قوبرس، تا ئێستا نەگەیشتووەتە هیچ ئەنجامێکی ئەرێنی کە ئەوروپا هیوای پێیەتی.

سەبارەت بەو پرسیارەش کە ئایا سزا دەسەپێنرێت بەسەر ئەنکەرەدا، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا جەختیکردەوە، یەکێتی ئەوروپا پێشتریش ئەم بابەتەی تاوتوێ کردووە، ئەمجارەش هەریەکە لە قوبرس و یۆنان ئەم بابەتەیان خستووەتە ناو گفتوگۆکانی رێکخراوی یەکێتی ئەوروپاوە.

ماوەیەکە تورکیا بەهۆی کار و چالاکییەکانی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و گەڕان بەشوێن سەرچاوەی وزەی نوێدا لەو ناوچەیە، چەند جارێک ئاڵۆزی توند لە نێوان هەردوو هێزی دەریایی تورکیا و یۆنان هاتووەتە ئاراوە، تەنانەت تا ئیستا دووجار دۆخەکە گەیشتووەتە لێواری جەنگ و ڕوبەڕوبوونەوە، بەڵام بەهاوکاری ئەڵمانیا دۆخەکە کۆنترۆڵکراوە.