ئیمانۆئیل ماکرۆن بڕیارێکی نوێی بۆ ڕابەرانی ئایینی ئیسلام لە وڵاتەکەی دەرکرد

19/11/2020
فۆتۆ: 

کۆشکی ئەلیزیە ڕایگەیاند، ئیمانۆئیل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەڕەسنا لەگەڵ لێپرسراوانی ئایینی ئیسلام لە فەڕەنسا کۆبووەتەوە و گفتوگۆ گۆیانکردووە سەبارەت بە پێکهێنانی ئەنجومەنێکی نیشتیمانی لە کەسایەتی و رابەرە ئایینیەکان بۆ ئەوەی دان بنێن بە بەهاکانی کۆماری فەڕەنسادا.

بەگوێرەی بەیاننامەی سەرۆکایەتی فەڕەنسا، ماکرۆن داوای لە ئامادەبوان کردووە، لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا "پەیماننامەی بەهاکانی کۆمار" دابنێن و پیویستە ئەنجومەنی فەڕەنسا بۆ ئاینی ئیسلام و حەوت یەکێتییەکەی دیکەش پێوەی پابەند بن.

هاوکات سەرۆکی فەرەنسا داوای لە ئامادەبوانی کۆبوونەوەکە کردووە، پێویستە پەیماننامەکە تیایدا جەختبکرێتەوە لە دانپێدانانی بەهاکانی کۆماری فەڕەنسا، ئەوەش دیاری بکرێت کە ئیسلام لە ڤەرنسا ئایینە نەک بزوتنەوەیەکی سیاسی، هەروەها دەبێت بە دەق تیا دەستنیشان کرابێت کە کۆتایی بهێنرێت بە دەستوەردان یان بوون بە ئەندامی دەوڵەتانی بیانی.

ماکرۆن بە سەرۆکی یەکێتییەکانی ئایینی لە فەڕەنسا وتووە، ئاگادارە کە ژمارەیەک  لەوانە هەڵوێستی ئاڵۆز و ناڕۆشنیان هەیە لەبارەی ئەو بابەتانەوە، بەڵام جەختیکردەوە کە دەبێت ئەو کەسانە لەو ئاڵۆزی و ناڕۆشنییە بێنە دەرەوە.

سەرۆکی فەڕەنسا ئامانجی لە پێکهینانی ئەنجومەنێکی نیشتیمانی ڕێبەران و دانایانی ئایینی لە وڵاتەکەیە بۆ ئەوەیە، لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا کۆتایی بهێنێت بە بوونی ٣٠٠ پێشەوای بیانی لە فەڕەنسا، کە زۆبەیان لە تورکیا و مەغریب و جەزائیرەوە هاتوونەتە فەڕەنسا.

بەگوێرەی پەیماننامەی ئەنجومەنی ڕێبەرانی ئایینی ، بە هیچ شێوەیەک لەمەودوا ڕێگەیان پێ نادریت مۆڵەت بۆ ڕابەرانی ئایینی دەربکەن، بەڵکو دەتوانێت مۆڵەت و کارتەکانی مۆڵەتیشیان لی بسێنێتەوە، ئەگەر هاتوو، بنەماکانی پەیماننامەی بەهاکانی کۆماریان پێشێل کرد.

بە گوێرەی ڕێنمایی نوی پەیماننامەی بەهاکانی کۆمار، هەر کەسێک کە پێشنوێژی یان وتار بدات لە مزگەوتەکانی فەڕەنسا، دەبیت زمانی فەڕەنسای بە تەواوی بزانێت و خاوەنی خوێندنی پلەی زانکۆیی بێت.

لە دوای ڕوداوەکانی ئەم دواییەی فەڕەنسا کە مامۆستایەک سەربڕدراو وچەند هێرشێکیش ئەنجامدرا، ماکرۆن هێرش و فشارەکانی لە سەرە سەرکردەکانی ئایینی ئیسلام توندتر کردووەتەوە لە فەڕەنسا.