تا ساڵی 2050 نیوەی دانیشتوانی زەوی گیرۆدەی قەڵەوی دەبنەوە

19/11/2020
فۆتۆ: 

تویژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردووە، شێوازی نانخواردن لە جیهاندا، وایکردووە، جیهان بخاتە سەر ڕێگایەکی زیادبوونی کێشی مرۆڤەکان، بەشێوەیەک تا ساڵی ٢٠٥٠ زیاتر لە ٤ ملیار کەس لەسەر زەوی گیرۆدەی قەڵەوی و زیادبوونی کێشە دەبنەوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە لە ئێستادا زیاتر لە یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن کەس گیرۆدەی قەڵەوی و زیادبوونی کێش بوونەتەوە.

لە بەرامبەریشدا نزیکەی ٥٠٠ ملیۆن کەسیش دووچاری کەمی کێش و لەسەر لێواری برسێتیدا ژیان بەسەر دەبەن.

پەیمانگای بۆتسدام بۆ کاریگەرییەکانی کەشوهەوا ڕایگەیاندووە، ئەگەر ئەو ریتمەی ئێستا خەڵکی بەردەوام بن لەسەر شێوازی نانخواردن و ئامادەکردنی خواردن لەناوچە جیاجیاکانی جیهاندا، ئەوا لە ماوەی ٣٠ ساڵی داهاتوودا بۆشاییەکی فراوان ڕوودەدات لە بواری ئامادەکردنی خواردن و خۆراک خواردن لەسەر ئاستی جیهان.

بە گوێرەی توێژینەوەکە لە ساڵی ١٩٦٥ وە بەکارهێنانی خۆراک لەسەر ئاستی جیهان بە ئاراستەی ئەو خۆراکانە بووە کە بەزۆری چارەسەر دەکرێن، وەک گۆشتی پڕ لە پرۆتین و بەرهەمەکانی شەکر و کاربۆهێدرات.

لە هەمان کاتیشدا ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتوان ڕوویانکردبووە سەوزە خواردن و بەرهەمە ڕووەکییەکان و خۆراک دروستکراوەکان و پر لە شەکرەکان.

ئەو ئاراستەیەک لە خۆراک خواردن و ئامادەکردنی، بە واتای گۆڕانە بەرەو زیادبوونی گەرمۆکەکان و خۆراکە دەوڵەمەندەکان بە چەوری، کە لە کۆتایدا دەبێتە هۆی زیادبوونی کێش و قەڵەو بوون، بەڵام بڕێکی زۆر لە وزە بۆ لاشەی مرۆڤەکان دابین ناکات.

توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، داهێنانەکان لە زانستی خۆراک وایکردووە زۆرێک لە ژەمە خۆراکییەکان دروستکرا بن، ئەوەش وایکردووە ڕێگاکانی چارەسەرکردنی خۆراکەکان هەرزان و خێرا بیت و کەمتر خۆراکەکان بکەونە بەر کەشوهەوای سروشتی ، هەرچەندە جێی متمانەشە، بەڵام وەک پێویست و دروست نین بۆ تەندروستیمان.

توێژینەوەکە ئاشکرایکردووە تا ساڵی ٢٠١٠، بەهۆی ئەو هەڵسوکەوتانەوە لە خۆراک و ئامادەکردنی خواردندا، لە ٢٩%ی دانیشتوانی جیهان دووچاری زیادبوونی کێش بوونەتەوە، لەو ڕێژەیەش لە ٩%یان پێیان وایە دووچاری قەڵەوی زیاد لە پێویست بوونەتەوە، کە بووەتە کێشە بۆیان.

توێژینەوەکە ئاشکرایکردووە، لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٠، لە ٣٥.٧%ی کەسانی پێگەیشتوو لە ئەمریکا گیرۆدەی قەڵەوی زیاد لە پێویست بوونەتەوە.

بە گوێرەی سەنتەری چاودێریکردن و خۆپارێزی لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧ بۆ ٢٠١٨ ئەو ڕێژەیە بەرزبووەتەوە بۆ ٤٢.٤%.

پەیمانگای بۆتسدام بۆ کاریگەرییەکانی کەشوهەوا، تا ساڵی ٢٠٥٠ لە ١٦%ی دانیشتوانی زەوی گیرۆدەی قەڵەوی دەبنەوە و لەو ڕێژەیەش نیوەیان دووچاری قەڵەوییەکی زیاد لە پێویست دەبنەوە کە دەبێتە کێشەی ڕۆژانە بۆیان.

ڕاپۆرتە جەختیکردووە، زۆربوونی ژمارەی قەڵەوەکان، دەبێتە هۆی زیادبوونی ژمارەی تووشبوانی نەخۆشییە درێژەخایەنەکانی وەک دڵ و شەکرە و مەترسی دووچاربوون بە پەتاکان بە تایبەت پەتای کۆرۆنا، کە وا دەکات زۆر بکوژتر بێت لە ئێستا.

توێژینەوە لە زاری توێژەرە ئەڵمانییەکان ئاشکرایکردووە، داخوازی بۆ خواردن لەو ماوەیەدا بە ڕێژەی لە ٥٠% زیاد دەکات، ئەوە دەبێتە هۆی زیادبوونی داواکاری لە سەر شیر و گۆشت، ئەوە هاوکاتە لەگەڵ هەوڵی وڵاتانی دەوڵەمەند بۆ ڕاکێشانی سەرچاوەکانی داهات و خۆراک لە وڵاتانی هەژار، لە کۆتایشدا ئەوەش دەبێتە هۆی بڵاوبوونەوەی برسێتی لەو وڵاتانە و زیادبوونی ژمارەی ئەو کەسانەی دووچاری بەدخۆراکی دەبنەوە.

یەکێک لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لەگەڵ ئەوەی خۆراکی پێویست لە جیهاندا بوونی هەیە، بەڵاک کەسانی هەژار توانای دابینکردنی خۆراکیان نابێت، لە کاتێکدا دانیشتوانی وڵاتە دەوڵەمەندەکان هەست بە کاریگەرییە ئابوری و ژینگەییەکانی بەفیڕۆدانی خۆراک ناکەن.

بە گوێرەی وتەکانی ئەو توێژەرە، ئەو دۆخەش وا دەکات زبڵ و پاشماوە خۆراکییەکان لەسەر زەوی تا ساڵی ٢٠٥٠ بەرەو زیاتر بچێت، ئەوە لە کۆتاییدا دەبێتە هۆی زیادبوون و خێراترکردنی مەترسی گەرمبوونی زەوی و زیادبوونی کەمبوونەوەی خۆراک.