سوریا ئیدانەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای کرد بۆ بەرزاییەکانی جۆلان

19/11/2020
سەردانەکانی ئەمڕۆی مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ بەرزاییەکانی جۆلانی ژێر دەستی ئیسرائیل
فۆتۆ: فۆتۆ : ئاژانسەکان



مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا سەردانی بەرزاییەکانی جۆلانی کرد و ڕایگەیاند، گێرانەوەی جۆلان بۆ سوریا مەترسیە بۆسەر ئیسرائیل و جیهانیش، لە بەرامبەریش حکومەتی سوریا بە توندی ئیدانەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای کرد.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە یەکەم جارە سەردانی لەوشێوە ئەنجام دەدات، لە بەرزاییەکانی جۆلانی سوریاوە کە لە ئێستادا لەژێر دەستی ئیسرائیلیدایە ڕایگەیاند، ناتوانیت لێرە راوەستیت و سەیری بەرامبەر بکەیت لە سنورو ئینکاری ئەو بابەتە گرنگە بکەیت کە دۆناڵد ترەمپ دانی پێدانا لەم بەشەی ئیسرائیل.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕەخنەی لەو داوا نێودەوڵەتانەش گرت کە داوای گێرانەوەی بەرزاییەکانی جۆلان دەکەن بۆ ژێر دەستی سوریا.

لە بەرامبەریشدا ئاژانسی هەواڵی سوریا لە سەرچاوەیەکی وەزارەتی دەرەویە ئەو وڵاتەوە بڵاویکردەوە، دیمەشق بە توندی ئیدانەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەکات بۆ ئۆردوگا ئیسرائیلییەکان لە بەرزاییەکی جۆلانی داگیر کراو.

سەرچاوەکەی وەزارەتی دەرەوەی سوریا، سەردانەی پۆمپیۆی بە ئیستیفزازی لە قەڵەمداوە، کە بە ماوەیەکی کەم دێت لە کۆتایی هاتنی ئیدارەی ترەمپ و پێشێلکردنێکی رەهای سەروەریی کۆماری عەرەبی سوریایە.

لەدوای جەنگی ساڵی ١٩٦٧ ئیسرائیل لە هێرشێکدا بەرزایەکی جۆلانی لە دەستی سوریا کۆنترۆڵ کرد و لەو کاتەوەش حکومەتی سوریا داوای چۆڵکردن و رادەستکردنەوەی دەکات.