سوپای ئەمریکا: 10 هەزار لایەنگر و ئەندامی داعش لە عێراق و سوریا ماون

20/11/2020
جەنەراڵ کێنس مەکەنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
بەغدا

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، تاوەکو ئێستاش نزیکەی ١٠ هەزار لایەنگر و ئەندامی داعش لە عێراق و سوریا ماون.

جەنەراڵ کێنس مەکەنزی فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا رایگەیاند، حکومەتی عێراق خوازیاری مانەوەی هێزەکانی ئەمریکایە لە وڵاتەکەی بۆ روبەڕوبوونەوەی شانە نوستووەکانی داعش.

ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی عێراق چەندین جار بەئاشکرا رایگەیاندووە کە دەیەوێت پارێزگاری لە هاوپەیمانی و هاوبەشی خۆی بکات لەگەڵ ئەمریکا و هێزەکانی هاوپەیمانان کە ئێستا سەرقاڵی کۆتاییهێنان بە شەڕی داعشن.

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریکا راشیگەیاند، بەپێی پێشبینییەکانمان، تاوەکو ئێستاش نزیکەی ١٠ هەزار لایەنگر و ئەندامی رێکخراوی داعش لە عێراق و سوریا ماون کە مەترسی پەرەسەندنی لەسەرە.