بۆ یەکەمجار کچێکی کورد خەڵاتێکی ئەدەبی دانیمارکی بردەوە

20/11/2020
فۆتۆ: فۆتۆ: Flemming Bo Jensen

ئەمساڵ خەڵاتی ئەدەبی " لۆریاڵی زێڕین"ی ئەدەبی دانیمارک بەخشرایە سارا عومەر کچە نوسەری کوردی دانیشتووی شاری کۆپنهاگن لەو وڵاتە، ساڵانەش دەدرێت بە نوسەرێکی دانیشتووی ئەو وڵاتە و یەکەمجاریشە نوسەرێکی پەناهندە ئەو خەڵاتەی پێ ببەخشرێت.

سارا عومەر لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە، ئەمە خەڵاتێکی ئەدەبیی دانیمارکییە، کە لە ساڵی ١٩٤٩دا دامەزرێندراوە، ھەموو ساڵێکیش بە یەکێک لە نووسەرەکانی وڵاتی دانیمارک دەبەخشرێت. ئەو لیژنەیەی بڕیار لەسەر بەخشینی خەڵاتەکە دەدات پێکھاتوون لە ڕەخنەگەرانی ئەدەبیی و خاوەن کتێبخانەکانی ئەو وڵاتە. ئەمانە خەڵاتەکە بە کتێبێک دەبەخشن، کە ئاستێکی ئەدەبی بەرزی ھەبێت و سەرنجی ڕەخنەگران و خوێنەرانی بەلای خۆیدا ڕاکێشابێت. نووسەری براوە کەسێکە زۆرترین خوێنەری ھەبووە و کتێبەکە بە شێوەیەکی بەربڵاو بەناو کۆمەڵگادا بڵاوبۆتەوە. زۆرێک لە نووسەرە گەورەکانی دانیمارک ئەم خەڵاتەیان بردۆتەوە و ھەر نووسەرێکیش دەتوانێت یەکجار لە ژیانیدا ئەم خەڵاتە وەربگرێت" .

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو دوێنی ئەو خەڵاتەی وەرگرتووە و  یەکەمین نووسەریشە، کە پاشخانێکی کوردیی و خۆرھەڵاتی ناوەڕاستی ھەیە. بەر لەو ئەو خەڵاتە بە کەسێکی ھەڵگری ئەو پاشخانە نەدراوە. ھەروەھا یەکەمین نووسەرێکی پەناھەندەیە، کە ئەم خەڵاتە وەربگرێت، وەک چۆن لە ھەمانکاتدا گەنجترین نووسەری خەڵاتەکەیە کە تا ئێستا پێی بەخشرابێت .

ووتووشیەتی "بەبۆنەی وەرگرتنی ئەم خەڵاتەوە دەمەوێت جارێکی تر پێ لەسەر چەند بابەتێکی گرنگ دابگرم، لە لای من بەرگریکردن لە ئازادی نووسین و ڕادەربڕین بابەتی ھەرە گرنگیی ئەم سەردەمەی ئێستامانە. ئەم ئازادییە لە ئێستادا لەژێر ھەڕەشەیەکی بەردەوام و ھەمەلایەندایە. نەک تەنھا لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا بەڵکو لەناو ئەوروپا خۆشیدا. باشترین نموونەیەک ئەم ھەڕەشەیەمان نیشانبدات سەربڕینی ئەو مۆمۆستا فەرەنسییە بوو لەسەر بەرگریکردن لە ئازادیی ڕادەربڕین و ھەوڵدان بۆ ناساندنی منداڵان بەم ئازادییە و فێرکردنیان، کە ڕێزی لێبگرن. من وەک نووسەرێک ناتوانم ھەرگیز بەرامبەر بەم ھێرش و پەلامارەی ئازادیی نووسین و ڕادەربڕین بەگشتیی و ئازادی مرۆڤ لە ھەموو شێوەکانیدا بەتایبەتی، بێدەنگببم."

جەختیشیکردووەوەتەوە، کتێبەکانی بۆنی خوێنیان لێدێت، بەڵام خوێنی کێ؟ خوێنی ئەو ژن و کچانەی ڕۆژانە بە تۆمەتی جیاواز دەکوژرێن و لەدوای مردنیشیانەوە گۆڕێکیان پێ ڕەوا نابینرێت .

ڕوونیشیکردووەتەوە ئەو وەک نووسەرێک و وەک مرۆڤێک باوەڕی تەواوی بەوەیە، کە پێویستە ھەمیشە ڕووبەرێکی ئازاد بۆ ئەدەبیات ھەبێت و پارێزراوبێت، ڕووبەرێک بۆ ئەو شێوازانەش لە ھونەر، کە سنوورەکان دەشکێنن و ناترسن لەوەی شتێک بڵێن قبووڵنەکراو بێت و زۆرینەی کۆمەڵگا نەیەوێت بیبیستێ و بیبینێت .

لە کۆتایی وتەکانیدا سارا عومەر جەختیکردووەتەوە، ھیوادارە ئەم خەڵاتە شتێک لە ئومێد و باوەڕ لەناو ئەو کچ و ژنانەدا بچێنێت، کە وەک ئەو لە ڕۆژگارێکدا بێدەنگ و بێکەسایەتی کراون، بەڵام بەپێداگرتن لەسەر تەسلیمنەبوون و لەسەر بەرەنگاربوونەوە، دەبنە خاوەنی دەنگی خۆیان. دەنگێک، کە دەشێت دنیا بیبیسێت و دانی پێدابنێت .