سەبارەت بە گواستنەوەی دەسەڵات و ڤاکسینی کۆرۆنا کۆشکی سپی هەڵوێستی خۆی ڕاگەیاند

20/11/2020
کیلی ماکنانی وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا
فۆتۆ: فۆتۆ : ئەرشیف

کۆشکی سپی ڕایگەیاند، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ پابەندە بە یاسای گواستنەوەی دەسەڵات، دوای ڕاگەیاندنی جۆ بایدن وەک سەرۆکی هەڵبژێردراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.

کیلی ماکنانی وتەبێژی کۆشکی سپی ئەمریکا ڕەتیکردەوە، دۆناڵد ترەمپ فەرمانی دەرکردبێت، بەوەی کە مامەڵە و پەیوەندی نەکرێت لە نێوان ئیدارەکەی و هەڵمەتەکانی بایدن.

وتەبێژی کۆشکی سپی جەختیشیکردەوە، هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ، پابەندە بەو داوا یاساییانەوە کە لەسەر هەڵبژاردنەکان بەرزیکردوونەتەوە، ئاماژەی بەوەشکرد ترەمپ چاوەڕوانی ئاراستەی ئەو داوا یاساییانەیە، بەر لەوەی هیچ لێدوانێک بدات سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان.

سەبارەت بە بەرەوپێشچوونەکانی ڤایرۆسی کۆرۆناش، وتەبێژی کۆشکی سپی ئاشکرایکرد، ٤٠ ملیۆن ڤاکسینی کۆرۆنا بەر لە کۆتایی ساڵ ئامادە دەبێت، لە ئێستاشدا ڕێژەی گیانلەدەستدان بەهۆی کۆرۆناوە لەهەموو ئاستەکاندا پاشەکشەی کردووە.

ئەو وتانەی وتەبێژی کۆشکی سپی لە کاتێکدایە، تا ئێستاش دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا دانی نەناوە بە دۆڕاندنی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی، بەڵکو چەند جارێک خۆی بە براوە لەقەڵەمداوە و ڕایگەیاند، دەنگی نایاسایی وایکردووە، ڕێژەی دەنگەکانی بایدن زیاتر بێت، هاوکات هەڵمەتەکەی ترەمپ چەندین داوای یاسایی لەسەر حسابکردنی دەنگەکان لەچەند ویلایەتێکی ئەمریکا تۆمار کردووە.