| 23 موشەک ئاراستەی کابولی پایتەختی ئەفغانستان کران  
                                
                                     لە ئەنجامی هێرشێکی موشەکی بۆسەر کابولی پایەتەختی ئەفغانستان نزیکەی ٤٠ کەس کوژران و برینداربوون 
                                 
                                     فۆتۆ: فۆتۆ: میدیای ئەفغانستان کابول
                             
                                لە ئەنجامی هێرشێکی موشەکی بۆسەر کابولی پایەتەختی ئەفغانستان نزیکەی ٤٠ کەس کوژران و برینداربوون و باڵیۆزخانەی ئێرانیش لەو شارە، زیانی بەرکەوت.
                                
 
 تارق ئاریەن وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان بە میدیای وڵاتەکەی راگەیاندووە، نزیکەی کاتژمێر 8:40 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ بەکاتی ئەو وڵاتە، لە چەند ناوچەیەکی کابولەوە ٢٣ موشەک ئاراستەی شوێنە قەرەباڵغ و نیشتەجێبوونەکان کراون.
 
 ئاماژەی بەوەشکرد، بەپێی ئامارە سەرەتاییەکان، لە ئەنجامی هێرشەکە هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە ٣١ کەسی دیکەش برینداربوون.
 
 وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی ئەفغانستان راشیگەیاند، هێرشەکە رێکخراو بووە و بەئەنقەست موشەکەکان ئاراستەی شوێنە نیشتەجێبوونەکان کراون.
 
 هاوکات باڵیۆزخانەی ئێران لە کابول لە تویتێکدا بڵاویکردەوە، یەکێک لە موشەکەکان لەناو حەوشەی باڵیۆزخانەکە کەوتووەتەخوارەوە، راشیگەیاندووە، موشەکەکە زیانی گیانی لێنەکەوتووەتەوە بەڵام شوشەی دەرگا و پەنجەرەی بینای باڵیۆزخانەکە شکاون و زیانی ماددی بەرکەوتووە.
 
 تا ئێستا هیچ گروپ و لایەنێک بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی لە ئەستۆ نەگرتووە.
 
 لە چەند مانگی ڕابردوودا، سەرەڕای بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی ئاشتیی حکومەتی ئەفغانستان و گروپی تالیبان لە قەتەر، توندوتیژییەکان و شەڕی ناوخۆ لە ئەفغانستان پەرەیسەندووە.    
 
 |