لاهور شێخ جەنگی ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئاشکراکرد

21/11/2020
لاهور شێخ جەنگی ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی ئاشکراکرد
فۆتۆ: 
سلێمانی

هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند، ئێستا یەکێتی نیشتیمانیی لەگەل تەبایی و برایەتی دایە و دەبێت پرسی موچە بەسیاسی نەکرێت.

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ لەڕۆژی شەهیدانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کۆبونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەسەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی و بەندە بەڕێوەچوو ".

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەتای کۆبونەوەکە بە ساتێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دەستیپێکرد و پاشان ۲۱ مۆم وەک گوزارشت لەڕێز و وەفا بۆ ڕۆحی پاکی شەهیدان داگیرسا .

ئەوەشی خستەڕوو، "لە کۆبونەوەکەدا دوا گۆڕانکاری و پێشهاتەکان لە هەرێم و بەغدا تاوتوێکرا و باس لە پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کرا، هەروەک تەوەرێکی تری کۆبونەوەکە تاوتوێکردنی پرسی لامەرکەزییەت بوو کە پەیڕەوێک ئامادەکراوە و بڕیار وایە کۆبونەوەی لایەنە سیاسیەکان لەبارەیەوە ئەنجام بدرێت" .

لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان راشیگەیاند، "هەر لەوکۆبونەوەکەدا باسم لەسەردانەکەم کرد بۆ بەغدا و کۆبونەوەکانمان بۆ ڕونکردنەوە کە ئێستا یەکێتی نیشتیمانیی لەگەل تەبایی و برایەتی دایە و دەبێت پرسی موچە بەسیاسی نەکرێت".

ئاشکراشیکرد، تەوەری کۆتایی کۆبوونەوەکە گفتوگۆی هەڤاڵانی سەرکردایەتی بوو لەسەر پرسی ناوخۆی حیزب .