لەسەر گەندەڵی چاوەڕواندەکرێت سەرۆکی پێشووی فەڕەنسا سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەردا بسەپێنرێت

23/11/2020
فۆتۆ: 

ئەمڕۆ نیکۆلای سارکۆزی سەرۆکی پێشووی فەڕەنسا بە تۆمەتی گەندەڵی و بەکارهێنانی دەسەڵاتەکانی بۆ بەرژەوەندی تایبەتی لە بەردەم دادگا ڕادەگیرێت و چاوەڕواندەکرێت سزای ١٠ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا بسەپێنرێت.

ئەم دانیشتنەی دادگا بۆ یەکەمجارە ئەو سیاسییە تەمەن ٦٥ ساڵەی تیا ڕادەگیرێت و ڕووبەڕوی چەندین دۆسیەی لێکۆڵینەوە دەبێتەوە، دوای ئەوەی پۆستەکەی لە ساڵی ٢٠١٢وە جێهێشتووە.

سارکۆزی لەگەڵ پارێزەرەکەی و دادوەر "گیلبەرت ئازیبیری تەەمەن ٧٣ ساڵ ، هەرسێکیان دادگایی دەکرێن، کە چاوەڕواندەکرێت هەریەکەیان سزای ١٠ ساڵ زیندانیکردنیان بەسەردا بسەپێنریت، لەگەڵ غەرامەیەکی قورس کە بگاتە یەم ملیۆن یۆرۆ، بەڵام سەرجەمیان ئەو پێشێلکاریانە رەتدەکەنەوە.

دەزگای دادوەریی فەڕەنسا ئاشکرایکردووە، سارکۆزی کارێکی شایستە و باشی وەک بەخیشیش خستووەتە بەردەم ئەو دادوەرە لە ناوچەی مۆناکۆ، لە بەرامبەر وەرگرتنی زانیاری نهێنی سەبارەت بەو لێکۆڵینەوانەی کە لەسەر سارکۆزی کراوە، کە بەشێوەیەکی نایاسایی پارەی بەدەستهێناوە لە کۆمپانیای لۆریاڵ لیلیان بیتنکور، لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی لە ساڵی ٢٠٠٧.

لێکۆڵەرەوەکان لە ساڵی ٢٠١٣ وە چاودێریان خستبووە سەر پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی نێوان سارکۆزی و تییری هەرتسوگی پارێزەری، کاتێک لێکۆڵینەوەیان کردووە، سەبارەت بەو کۆمەکە داراییانەی کە حکومەتی لیبیای سەردەمی قەزافی لە ساڵی ٢٠٠٧ پێشکەش بە سارکۆزیان کردووە.

چاوەڕوانیش دەکرێت دانیشتنەکانی دادگا تا ١٠ مانگی کانوونی دووەمی داهاتوو بەردەوام بێت.