بەرپرسێکی باڵای داعش لە سلێمانی دەستگیرکرا

23/11/2020
بەرپرسێکی باڵای داعش لە سلێمانی دەستگیرکرا
فۆتۆ: فۆتۆ: دژەتیرۆری عێراق
سلێمانی

وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەستگیركردنی سەركردەیەكی داعشی لە سلێمانی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ دووشەممە ٢٣ی١١ی٢٠٢٠، لیوا یەحیا ڕەسوڵ وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە تویتێكدا بڵاویکردەوە، "لە پڕۆسەیەكدا پشتبەست بە زانیاری ورد و چاودێری و هەماهەنگیی هاوبەش لەگەڵ ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، دەزگای دژەتیرۆری عێراق تاوانبار (و.ف)ی دەستگیركرد كە پۆستی سەركردەی هەبووە لە گروپی تیرۆرستی داعش".

ئاماژەی بەوەشکرد کە دەزگای دژە تیرۆر، لێدان و هەڵمەتی دیكە بۆ سەر داعش لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ڕادەگەیەنێت.

تاوەکو ئێستا، ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی هیچ زانیارییەکیان لەوبارەیەوە بڵاونەکردووەتەوە.

پێشتریش، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق رایگەیاندبوون، لەمیانی چاودێری بەردەوام و کارکردنی مەیدانی، دەزگای دژەتیرۆر توانیویەتی ڕێکخەری کاروباری ئیدارەی گشتی رێکخراوی داعش، کە ناسراوە بە "ئەبو نەبەء" لە کردەوەیەکی ناوازەدا لە فڕۆکەخانەی بەغدا دەستگیر کراوە.