دەربارەی وەرگێڕانی كتێبی میتامۆڕفۆس

24/11/2020
فۆتۆ: 

بەیان سەلمان


بۆچی هەڵبژاردنی ئەم دەقە؟

سەرەتا لەبەر گرنگی لە ئەدەبی جیهانیدا. ئەم دەقە بەوەی رێکخستنەوەی کۆمەڵە گۆڕانکاریەکانی دونیای ئەفسانەیە بایەخێکی ئەدەبی خۆی هەیە بەمانەوەی وەک سەرچاوەی ئیلهامی زۆرینەی بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکانی دونیا. هەتا ئەمرۆیش ئەفسانەی ڕۆمان و گرێکەکان جێی خۆیان لە خەیاڵی نووسەران و هونەرمەناندا هەر ماوە. سەدان دەق و بەرهەمی هونەری و فیلم شایەدی ئەو لایەنەن، سینەمای ئەمریکی و فەرەنسی بۆ سەدان سیناریۆ کەڵکیان لە نموونەی ئەفسانەی ئەو دەقە گەورەیە وەرگرتووە.

لەدایکبوونی خواوەندەکان مرۆڤ دایهێنا، هەر بۆیە وێنەی خواوەند لە وێنەی مرۆڤە و لە پلەبەندیی خۆیانەوە سەرچاوەی وەرگرتووە. دواییش هەر مرۆڤ خۆی پەنای بۆیان برد و بووە کۆیلەیان، بگرە کەوتە ژێر ڕوحمی باڵادەستیی ئەوان. بێگومان تێڕامان لە هێزێکی باڵای هەرە گەورەتر لە مرۆڤ کاریگەریی بەسەر بۆچوون و خەیاڵی مرۆڤ هەبووە و ئەمەی پێ داهێناوە. بەو جۆرە مرۆڤ توانی نهێنیەکانی وەک کەسێکی بێ دەسەڵات لەلایان بدرکێنێ و دەروونی خۆی شێکاتەوە و لەگەڵ بیرۆکەی خواوەند خۆیشی ماڵیی بکات. هەر خودی بیرۆکەی تۆفان ناڕاستەوخۆ دۆزینەوەی سزایە بە خەیاڵی خۆی و ئەنجامدانی دەداتە دەستی نادیاری هێزی باڵایی خواوەندەکان.

لایەنی ڕەوش لەم دەقە لە کۆمەڵێ حوکم و پێوەری داڕێژراو وەک یاسایەکی باڵا خراوەتە بەرچاو. ڕەوش گەورەترین پێوەرە لە نێوان مرۆڤ و خواوەند و هەموو سەرپێچیکردنێک ماییەی سزایە، سزایش لێرە گۆڕانی شێوەیە. شێوەی مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی باڵا بەسەر هەموو بوونەوەرەکانی تردا، کام سزا لە گۆڕانی شێوە گەورەترە؟ ئەم گۆڕانە تێکدان و شێواندنی ئەو لایەنە باڵاییەیە لە مرۆڤ کە پێوەی دەنازێ. جوانی، دەستڕەنگینی، لێهاتوویی، زیرەکیی، بەهەرەی، هێزو دەسەڵاتی بەسەر سروشت و بوونەوەرەکانی تر بۆ خزمەتی خۆی، هەموو ئەمانە لە بیری خواوەندە دەستکردەکاندا جێی تەگبیر و تێکدانن بە لادان لە یاساکانیان. لەو بۆچوونەوە کە مرۆڤ بە یاسای زەمین خۆی پێ ماڵیی ناکرێ، خۆی پێ ناگیرێ و خراپە و تاوان و قەباعەت هەمیشە لە پلانێتی و تەنها بە یاسای خواوەند دێتە ژێر بار و خۆی لە وانە بە دوور دەگرێ. 

هەر بۆیە لایەنی ئاینی ئەم دەقە زۆر زاڵە بەسەر لایەنەکانی تری. ئاین لێرە کۆمەڵی ئەو حوکم و یاسا و پێوەرانە پەیڕەو دەکات. بە پێی هێزی خواوەندەکان داڕێژراون، ئەمەیش لە پلەبەندییەک جێی کراوەتەوە کە خودی خواوەندەکان لە نێوان سەرکردە و دەستەی خواوەندە گەورەکان و خواوەندە بچووکەکان و نیوچە خواوەند و فریشتەکان دابەش کراوە. دەسەڵاتی هەرە گەورە لە دەستی ژوپیتێرە. دەسەڵاتی لەمیش گەورەتر خودی خواوەندەکانی چارەنووسن کە بە سێ خوشک وێناکراون و هیچ کام لە خواوەندەکان دەسەڵاتی بەسەر ئەوان نییە. ئەمان هەر پێش وەخت لە لەوحی هەموو کەسێک چارەنووسیان دیاری کردووە و کەس ناتوانێ خۆی لێ لادات.