داوای سنوردارکردنی ڕێژەی لە دایکبوون دەکرێت لە عێراقدا

24/11/2020
فۆتۆ: 

سەرباری زیادبوونی ڕێژەی هەژاری و بوونی قەیرانی ئابوری و کێشە جیاجیاکانی تری عێراق، بەڵام ڕێژەی لە دایکبوون لەو وڵاتەدا بەردەوام لە بەرزبوونەوەدایە، ئەوەش مەترسی لای حکومەت و پسپۆڕان دروستکردووە، سەبارەت بە ئیدارەی داهاتی مرۆیی لە وڵاتدا.

پسپۆڕان هۆکاری سەرەکی ئەو بەرزبوونەوەی ژمارەی لە دایکبوونانە لە عێراق، دەگێڕنەوە بۆ هاوسەرگیری پێشوەختەی ئەو کەسانەی کە نەگەیشتوونەتە تەمەنی هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگاکان، بە تایبەت لە ناوچەکانی دەرەوەی شارەکان.

دۆخەکە بە تەنها شار و گوندی عێراقی نەگرتووەتەوە، بەڵکو کامپی ئاوەرەکانیشی گرتووەتەوە، کە بەشێوەیەکی پێشبینی نەکراو ژمارەی لە دایکبوون تیاندا زیادی دەکات.

لە پێناو کۆنترۆڵکردنی ئەو ژمارە زۆرەی لە دایکبوون لە عێراقدا، وەزارەتی تەندروستی عێراق، بە هاوکاریی لەگەڵ سندوقی دانیشتوانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ستراتیژیەتی ڕێکخستنی خێزانی لە عێراقدا داڕشتووە کە لە ساڵی ٢٠٢١ و درێژ دەبێتەوە تا ساڵی ٢٠٢٥.

ستراتیژیەتەکەش چەند هەنگاوێک لەخۆ دەگرێت بۆ ڕێکخستنی ژیانی خێزانی عێراقی بەشێوەیەک کە بگونجێت لەگەل دۆخی دارایی و ڕێگر بێت لە خستنەوەی منداڵی زیاتر بێ پلانی پێشوەختە.

لەو بارەیەوە ڕیتا کۆلۆمبیا نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان لە عێراق ڕایگەیاند، بەکارهێنانی ڕێگرییەکان لە سکپڕی لەناو خێزانی عێراقیدا دەگاتە لە ٣٦%، ئەوەش بە مانای ئەوەیە زۆرێک لە خێزان و تاکەکان کە پێویستیان بە خزمەتگوزاری ڕێکخستنی خێزان هەیە، ناتوانن دەستیان پێی بگات، ئەوەشی بە پێشێلکاری لە مافی وەچەخستنەوە زیانی.

ئاماژەی بەوەشکرد، سندوقی جیهانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەم نزیکانە کار دەکات لەسەر بەهێزکردنی توانای سیستمی چاودێری تەندروستی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زۆر باس بۆ خێزانی عێراقی و دانانی پێداویستییە تەندروستییەکانی وەچەخستنەوەی  ئەو گەنجانەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتن، هەروەها کەمکردنەوەی سکپڕی لەناو تازەپێگەیشتووان وەک کاری لە پێشینەی لە ناوخۆیی عێراقدا.

پسپۆڕانی بواری ڕێکخستنی خێزان لەو بڕوایەدان، پرۆسەی ڕێکسختنی خێزان لە عێراقدا تووشی بەریەککەوتن دەبێتەوە لەگەڵ بیروباوەڕە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانی خەڵکانێک، کە رەتیدەکەنەوە ڕێژەی وەچەخستنەوە کەمبکەنەوە، بۆ ئەو کارە پێشتر پێویستی بە هەڵمەتێکی هۆشیاری هەیە لەلایەن ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و پیاوانی ئایینیەوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت کاریگەرییان هەبێت لەسەر گۆڕینی شێوازی ژیانی ئەو خێزانانە.

بوشرا زەوینی وەزیری پێشووی کاروباری ژنان لە عێراق لەو بارەیەوە دەڵێت "ڕێژەی وەچخستنەوە لە ناوچە هەژارنشینەکانی عێراق بەرزە، کە ناوچەکانیان دووچاری کێشەی ئابوری قورس بوونەتەوە، پێویستە دەوڵەت دەستوەردان بکات بۆ ڕێکخستنی خێزان لەناوچانە، بۆ ئەو مەبەستەش پێویستە پێشت بە هەڵمەتی ڕاگەیاندن و کەسایەتییە ئایینییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی ببەسترێت.

زەوینی ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆربەی وڵاتانی جیهان لەبەر ڕۆشنایی توانای ئابوری وڵاتەکانیان کار لەسەر وەچەخستنەوەی خێزانەکان دەکەن، بۆیە عێراقیش پێویستی بە داڕشتنی یاسا و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵگەیی هەیە بۆ خێزانی عیراقی، بۆ ئەوەی ڕێژەی وەچەخستنەوە کەمبکرێتەوە.

زەوینی ئاشکرایکردووە، بەگوێرەی داتاو  زانیارییەکان ناوەندی وەچەخستنەوە لە عێراقدا گەیشتووەتە ٣.٥%، لە کاتێکدا ڕێژەکە لە زۆربەی هەرەزۆری وڵاتانی جیهان ٢بۆ ٢.٢٥%، ئەوەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە ژمارەی دانیشتوان لە عێراقدا.

وەزارەتی پلاندانانی عێراق پێی وایە تا ١٠ ساڵی دیکە ژمارەی دانیشتوانی عێراق دەگاتە ٥٠ ملیۆن کەس، چونکە ساڵانە ٨٥٠ بۆ یەک ملیۆن کەس زیاد دەبێت بۆ ژمارەی دانیشتوان.