قوباد تاڵەبانی: هەموو دەسەڵاتی خۆم بەكار دەهێنم بۆسزادانی ژنكوژان

25/11/2020
فۆتۆ: 

جێگری سەرۆكی حكومەت رایگەیاند، هەموو دەسەڵاتی سیاسی و یاسایی و كەسی خۆی بەكاردەهێنێت بۆ دەستگیركردن و سزادانی ئەو كەسانەی ژن دەكوژن.


قوباد تاڵەبانی، لەپەیامێكیدا بەبۆنەی رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان رایگەیاند "هەموو دەسەڵاتی سیاسی و یاسایی  و كەسی خۆم بەكاردەهێنم بۆ دەستگیركردن و سزادانی ژنكوژان و هەموو ئەوانەی كە توندوتیژی دژی ژنان ئەنجام دەدەن".

ناوبراو لەگەڵ پەیامێكی ڤیدیۆیدا ئاماژەی بەوەشكردووە "لە ماوەی ١٠ مانگی رابردوودا، زیاتر لە ٨٠٠٠ ژن، كە توندوتیژیان بەرامبەر كراوە و هەڕەشەیان لەسەر بووە پەیوەندییان بە هێڵی ١١٩وە كردووە و لەناو ئەمانەدا زیاتر لە ٦٠٠٠ سكاڵای توندوتیژی لای حكومەت تۆمار كراوە". 

جێگری سەرۆكی حكومەت داواشی لە شارەوانی كرد ئەو ژنانەی كەسوكاریان ئامادە نین تەرمەكانیان وەربگرنەوە بە شێوەی بێناسنامە بەخاكیان نەسپێرن و دەستخۆشی لە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزانی خێزانیش دەكات كە توانیویانە لێكۆڵینەوەی تەواو بۆ نزیكەی ٤٠٠٠ حاڵەت بكەن و دۆسیەكانیان بگەیەننە دادگا.