لەم ساڵدا 44 ژن لە كەركوك كوژراون

25/11/2020
فۆتۆ: 

بەپێی ئامارێكی لقی كەركوكی ڕێكخراوی هیوای عێراقی، تەنها لەمساڵدا لەكەركوك 44 ژن لەڕووداوی جۆراوجۆردا كوژراون.


سرود محەمەد، سەرۆكی لقی كەركوكی كۆمەڵەی هیوای عێراقی بە (تۆڕی هەواڵی ژیان)ی ووت: لەماوەی 11 مانگی ڕابردوودا لەكەركوك 36 ژن كوژراون و 8 ی دیكەش خۆیان كوشتووە، ئەمە جگە لەبونی دەیان هەوڵی شكستخواردوی خۆكوشتن.

بوونی ئەو ئامارانەی بە سەلمێنەری ئەو ڕاستیە دەزانێت كە هێشتا شارەكە ژینگەیەكی لەبارە بۆئەنجامدانی  توندوتیژی خێزانی، وتیشی: بەهۆی نەبوونی یاسایەكی تۆكمە لەهەموو عێراق كە تایبەت بێ بەبەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی زەمینەی ژن كوشتن لەژێر جۆرەها پاساوو بیانو فراوانتر كردووە.

سەرۆكی لقی كەركوكی كۆمەڵەی هیوای عێراقی ئاشكراشیكرد: تەنها لەمساڵدا زیاتر لەهەزار كەیسی توندوتیژی خێزانی لەشارەكە تۆمار كراون ئەمە جگە لەوەی كە ئازادیەكان بۆ ژنان بەرتەسك كراونەتەوە وحاڵەتەكانی تەحەڕوش لەفەرمانگەكان زۆرە، لەگەڵ ئەوەشدا لەهەموو سلكی ئەمنی لەشارەكە تەنها یەك ئەفسەری ژن بونی هەیە، ئەمەش دەخوازێت پەرلەمانی عێراقی ئەم كەیسە بكاتە خەم.