چیرۆکە نزیک و خۆماڵییەکان

25/11/2020
فۆتۆ: 

بەختیار حەمەسوور


شتێک لە ناوەندی ڕۆشنبیریی کوردی ئێمەدا زاڵە و دەتوانم بڵێم تا بینەقاقامانی گرتووەتەوە، نەدیوگرتن و چاوداخستنی لایەنی داهێنەرانە و جوانیی نووسراوی خۆمانە، لە بری ئەمە، ئەوەی زاڵە و لەبرەودایە، شکاندن و بە چاوی سووک تەماشاکردنیەتی. لای ئێمە شتێک غایبە، ئەویش زمانی ستایشە، لەجیاتیی ئەوە زمانێک ئامادەیی هەیە، ڕەق و زبر و بریندارکەر. هەڵبەت دەبێت بڵێم، زمانی ستایش لەو ئاستە کوێرانەیەیدا نا کە دیسان بەشێکی زۆر لە نووسینی ئێمە پێوەی سەرقاڵە، بەڵکو ستایش لەسەر ئاستی بابەتبوون و کوالێتی ئەو نووسراوەی وا بڕیارە لە بارەیەوە بدوێین.

«لە چاوەڕوانی پیاوێکی کراس زەردی گوڵگوڵیدا»، ناوی کۆمەڵەچیرۆکێکی (ئەنوەر عەرەب)‌ــە و لە ماوەی ڕابردوودا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. لێرەدا بە کورتی لە بارەی هەندێک لە چیرۆکەکانەوە سەرنج و تێبینی خۆمان یادداشت دەکەین.

سەرەتا وەک لایەنی گشتی کتێبەکە، دەبێت بڵێین چیرۆکەکانی ناو ئەم کتێبە بە شێوەیەکی گشتی دەچنە خانەی ئەدەبی مینیماڵەوە و خۆیان مانیڤێست دەکەن. ئەم چیرۆکانە بە هەناسە و دنیابینییەکی تەواو کوردانەوە نووسراون، واتە هەم لە ڕووی شوێن و کات، هەم کارەکتەرسازی، کوردانە و خۆماڵین. بەراورد بە زۆر چیرۆکی تر کە دەیخوێنینەوە و نازانین نە شوێن و نە کارەکتەر سەر بە چ خاکێکن و چۆن بیردەکەنەوە. لایەنێکی تر کە دیسان وەک ڕایەڵێک بەناو چیرۆکەکاندا لە جووڵەدایە، تەنزە. تەنز لەم کۆمەڵەچیرۆکەدا یەک‌دەست و لەسەر زار خۆشە، بێ هیچ زۆرلەخۆکردنێک، دیمەنی سازدراو و پێکەنین، هاوشانی یەکن.

چیرۆکی «ناو»، یەکەم چیرۆکی کتێبەکەیە و بەسەرهاتی «ئاغای ئیلخان»ـی نووسەرمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە تووشی نەخۆشیی «پاڕانۆیا» بووە و ناوی خۆی لە بیر چووەتەوە. ئەم چیرۆکە هەر لە سەرەتاوە بە کێشە "گرێ" دەست پێ دەکات و تا کۆتاییش "لە نەخۆشخانەدا" بەردەوام دەبێت. چیرۆکەکە بە یەک نەفەس دەگێڕێتەوە و بەرەو پێشەوە دەڕوات. لەگەڵ ئەوەی بەرزونزمی لێرەولەوێی چیرۆکەکەدا دێنە پێشەوە، بەڵام بەردەوام هاوسەنگییەک "کێشەی ناو" ڕیتمی چیرۆکەکە دەپارێزێت و لە شێوەیەکی بەرجەستە و گونجاودا دەیهێڵتەوە.

تایبەتمەندییەک لەم کتێبەدا بەرچاو دەکەوێت، دەسەڵاتی کارەکتەرە بەرامبەر بە نووسەر. وەک لە چیرۆکەکانی «جوانەمەرگ، ئاغای میم و ئەنوەر عەرەب». بوونی ئەم خاڵە وەک تایبەتمەندی لە چیرۆکی «ئەنوەر عەرەب»دا دەگاتە ئەوجی خۆی و پەرداخ دەبێت. ئەو جەدەلەی لەم چیرۆکەدا کارەکتەر "ڕەزا چەتەنەم" لەگەڵ خودی نووسەردا دەیکات، یەک لە وێنە و گێڕانەوە سەرکەوتووەکانی ئەم کتێبەیە. دیارە ئەم تایبەتمەندییە تازە نییە و بە ئاوڕدانەوەیەک تەنانەت لە ئەدەبی دەوروبەریش، نموونەگەلێکی زۆر دەبینینەوە: «ئورهان پاموک، عەلی بەدر، هوشنگ گوڵشیری، ئەحمەد سەعداوی و...» بەڵام ئەوەی لەم تایبەتمەندییەدا بوونی هەیە؛ ئەو شێوازە لە ڕووبەڕوونەوەیە، واتە ڕووبەڕووبوونەوەی نووسەری کورد لەگەڵ کارەکتەرە خەیاڵییەکەیدا. ئەوەی لێرەدا تەعبیری لێ کراوە هەمان واقیعی مەوجوودی نووسەری ئێمەیە، کە تێیدا زمانشکاو و لاڵەپەتەیە، وەک نووسینەکەی.

کاریگەری دونیای کافکا "کافکایی" لەسەر بەشێک لە چیرۆکەکانی ئەم کتێبە هەیە، لە هەردوو چیرۆکی «ڕاوەماسی و نەخۆشییە سەیرەکەی پڕۆفیسۆر ڕەحمان»دا، ئەم کاریگەرییە زەقتر دەردەکەوێت. چیرۆکی «نەخۆشییە...» یەک لە چیرۆکە سەرنجڕاکێشەکانی ناو ئەم کتێبەیە و دەتوانین بڵێین لە ڕووی ئامادەسازی و بونیادەوە، چیرۆکەکە بە بنبەست گەیشتووە. دۆخی کەوڵاوکەوڵ "مەسخ" لەم چیرۆکەدا، شێوەیەکی سوریالی/کۆمیدی هەیە: [بە بۆقبوون!]. چیرۆکەکە لەسەر دونیای داخراو و حوزنباری «پڕۆفیسۆر ڕەحمان» بونیادنراوە. شەوکەت‌بانووی خێزانی، کە بەردەوام حەزێکی نووستوو و شەهوانی شاراوەی بەرامبەر بە پڕۆفسۆر لە هەناودایە، لە کۆتایی ئەم چیرۆکەدا، ئەم حەزە دەتەقێتەوە و ئاستی چیرۆکەکە دەباتە لووتکە.

هەردوو چیرۆکی «من و باباغام و ئێوارانی پیاوێک» دوو چیرۆکی نزیک لە یەک و خۆشمەشرەبن. کارەکتەری ئەم دوو چیرۆکە پیاوە و سیفەتی سادەدڵ و تاڕادەیەک تەماوییان هەیە. ئەم کارەکتەرانە شتێک لە سیفەتی "گاتسبیی مەزن"ــی سکۆت فیتزجێڕاڵدیان لە خۆیاندا هەڵگرتووە. خاڵی هاوبەشی ئەم دوو کارەکتەرە ئەوەیە، سەریان لە سیاسەت و شتانێک دەخورێ، کە بۆ خۆیان زۆر باوەڕیان پێی نییە. هێڵی گێڕانەوە لەم چیرۆکانەدا ڕاستەوڕاست بەرەو پێش دەڕوات. واتە لە یەکەم خوێندنەوەدا کۆدەکان بە ئاسانی بۆ خوێنەر دەکرێنەوە و چێژی پێ دەبەخشن. ئەمەیش ڕەنگدانەوەی ناوەڕۆک و سادەدڵی چیرۆکەکەیە کە وەها فۆڕمێک لە گێڕانەوە قبووڵ دەکات. بە پێچەوانەی ئەو ئاڵۆزییەی لە هەندێک چیرۆکدا دەیکات: «دەڵێ، جلی نوێی پاشا...» نووسەر لە گواستنەوە و گێڕانەوە سادە و ساناکاندا سەرکەوتووتر بووە.

»سێمپتۆم» زاراوەیەکە مانای نیشانەی دەرد یان نەخۆشی دەگەیەنێت. هەردوو چیرۆکی «کلک و حەمام» نیشانەی نەخۆشییان هەڵگرتووە، کە تێیدا نەخۆش لە ناوەوە وردوخاش و پارچەپارچە دەبێت. لە چیرۆکی «حەمام»دا، کە کارەکتەر کچێکە و هەرجارێک دەچێتە حەمام کەسێک لە دواوە باوەشی پێدا دەکات و دەست بۆ مەمک و ئەندامەکانی دەبات، بە وردی و لە پاڵ گێڕانەیەکی بازنەییدا، چیرۆکەکە شکڵ دەگرێ. نووسەر لە کۆتایی چیرۆکەکەدا، لە بەردەم وێنەیەکی دالەقاو و شلۆقدا، بۆ هەمیشە ڕامان دەگرێت.

بەشێک لە سەرکەوتنی ئەم کتێبە، لە شێوەنووسنی کورت و مەسرەف نەکردنی وشەیە. بۆ نموونە چیرۆکەکانی «شەڕ، ڕەسووڵ، کەمپ و...» کە چیرۆکی کورتن، هەم سەرکەوتووترن و هەم زووتریش لە زەینی خوێنەردا شکڵ دەگرن. هەرچەند بە شێوەیەکی گشتی زۆر لە چیرۆکەکان کورت و چڕ نووسراون، بەڵام لە چیرۆکی «دەڵێم دایە لە چ ڕۆژێکدا لە دایک بووم؟»، هەناسەیەکی درێژتر دەبینینەوە، کە دەکرێ بیرۆکەی نووسینی نۆڤێلێک بێت. ئەم چیرۆکە، وەک بابەت نا، وەک کورتبڕی و مینیماڵبوون، بەراورد بە چیرۆکەکانی تر، ناسەرکەوتوو بووە.

چیرۆکی «لە چاوەڕوانی پیاوێکی کراس زەردی گوڵگوڵیدا و کارمەند»، دوو چیرۆکن سەبارەت بە شار و کارەکتەری شار. لەم چیرۆکانەدا ئێمە ئەو بوونەوەرە ئیدارییە ترسنۆک و لەرزۆکانە دەبینینەوە کە ڕۆژانە بە شەقام و کۆڵانەکاندا دەگەڕێن و بچووکترین شت و دەرکەوتە، زارەترەکیان دەکات و دەیان تۆقێنێت. باشترین و گونجاوترین شێوازی گێڕانەوە بۆ ئەم دۆخەی شار، هەمان شێوازە کە نووسەر پەیڕەوی لێ کردووە: گێڕانەوە لە بازنەدا. ژیان لە شاردا بە جۆرێکی بێتام و وەڕزکەر دووبارە و بازنەیییە. لە زۆربەی جاردا ئەم دووبارەبوونەوەیە تەحەممول ناکرێت و ئینسان تووشی هەمان حاڵەتی کەوڵاوکەوڵ و لەخۆدەرچوون دەبێتەوە، کە کافکا لە کارەکانیدا باسی لێوە کردوون.

چیرۆکی «دیدار»، کە دواچیرۆکی کتێبەکەیە و لای من لە ڕووی تەکنیکەوە، لەوانی تر بەرزترە. ڕووداوەکانی ئەم چیرۆکە لە نێوان ئێستا و ڕابردوودا ڕوو دەدەن و بە جۆرێک ئەم دوو زەمەنە، وەک دوو هێڵ بە تەنیشت یەکدا دەڕۆن و دۆخێکی دیالەکتیکی [تێکەڵبوون/جیابوونەوە] دروست دەکەن. پەراگرافە ئێستاییەکان بە شێوەی ئاسایی و پەراگرافەکانی ڕابردوو بە شێوەی پڕڕەنگ نووسراون. بە جۆرێکە؛ ڕووداو و ئەکتەکانی ئێستا ڕێخۆشکەرن بۆ بیرکردنەوە و گەڕانەوە (بە شێوەی فلاشباکێکی بێدەنگ) بۆ ڕابردوو. لە سەرەتای چیرۆکەکەدا پیاو و ژنێک هەن و گرژییەکی ئامادە، تا ئەم گرژییە دەگاتە جیابوونەوە و ژنەکە ماڵ بەجێ دەهێڵێت. پاش کێشانی جگەرەیەک، پیاوەکە بە ئوتومبێلەوە دەچێتە شەقام و ڕێکەوتی ئافرەتێک [ــی لەشولار ڕێکوپێکی ورووژێنەر] دەکات و دەیهێنێتە ماڵەوە. ئەم ڕێکەوتە بە شێوەی [ناسین/نەناسین] دەست پێ دەکات و تا ئافرەتەکەیش دەڕوات هەروا دەمێنێتەوە، بەڵام ئێمە لە خوێندنەوە و بینین و جووڵەی هەردووکیاندا هەست بە مەیلێک دەکەین، مەیلێک لە شێوەی درزێکی باریک و خز: ئیرۆتیک. لە هەمان کاتدا هەست بە تارمایی ژنی پیاوەکە (ئەوی ماڵی جێ هێشتووە) دەکەین لە ڕێی: خاولی، جل، وێنە و... ڕاگرتنی ئەو دوو دنیا جیاواز و زەمەنە دوورە، کارێکی کردووە چیرۆکەکە لە باشترین حاڵەتەدا بێتە بەرهەم، بە جۆرێک وەک خوێندنەوەی شیعرێکی جوان، چیرۆکەکە بۆ هەمیشە لە زەینماندا بمێنێتەوە.