دوژمنی كورد هەر كوردە

25/11/2020
فۆتۆ: 

لێكۆڵینەوە لەسەدام

جواد حیدری 

ئەم كتێبە لەلایەن یەكێك لە گەورە بەرپرسانی دەزگای هەواڵگری ئەمریكا ( سی ئای ئەی) نووسراوە كە باس لە چۆنێتی لێكۆڵینەوە لەگەڵ سەدام دەكات دوای ئەوەی كە دەستگیر كراوە.

جۆن نیكسۆن لەلاپەڕەی 79 كتێبەكەیدا دەنووسێت: حكومەتی ئەمریكا ئامادەیی ئەوەی تێدا نەبوو كە بە زیندوویی سەدام دەستگیر بكات، بەرپرسانی ئەمریكی پێیانوابوو كە سەدام بۆ ئەوەی دەست هێزەكانی ئەمریكا نەكەوێت خۆی دەكوژێت یان لەكاتی ڕاكردندا دەكوژرێت، بەڵام كاتێك كە دەستگیر كرا بەرپرسانی ئەمریكی نەیاندەزانی چی لە گەڵ بكەن.

لەبارەی سەدامەوە لە لاپەڕەی 76 وە نووسیویەتی: سەدام زۆری حەز لە قسەكردن بوو، هاوكات هەر پرسیارێكمان لێكردبا بە پرسیار وەڵامی دەدایەوە یان بە شێوەی چیرۆك و داستان وەڵامی دەدایەوە. سەدام درۆزنێكی لێهاتوو و كۆنەكار بوو.

لە لاپەڕەی 108 نووسەر باس لە ڕوانینی سەدام بۆ ئێرانییەكان دەكات و نووسیویەتی: سەدام وتی: ئێرانییەكانی گەلێكی بۆ ئەوە نابێت متمانەیان پێبكەی، سەرەتا شتێك دەڵێن و دواتر بەشێوەیەكی دیكە هەڵسوكەوت دەكەن، ئێرانییەكان خاوەنی وەها ڕۆح و گیانێكن.

لە لاپەڕەی 127 كتێبەكە نووسەر باس لە كتێبێكی خەیروڵڵا تەلفاح دەكات كە نووسیویەتی: خوا دەبوایە سێ شتی دروست نەكردبوایە، ئێرانی، مێش و جوولەكە.

لەلاپەڕەی 137 سەدام بەو بەرپرسەی سی ئای ئەی دەڵێ: ئێوە لە عیراق شكست دەخۆن، چونكە بەڕێوەبردنی عیراق كارێكی هاسان و ئاسان نییە، چونكە ئێوە زمان و مێژوو و جوگرافیا و بیر و هۆشی عەرەب ناناسن و لە كەشوهەوای عیراق تێناگەن. 

جۆن نیكسۆن دەڵێت: پێشبینییەكەی سەدام ڕاست دەرچوو و ئەمریكا لە عیراق شكستی هێنا.

لە لاپەڕەی 152 سەدام ڕەخنە لە ئەمریكا دەگرێت و دەڵێت: ئەگەر من هەڵە بووم بۆچی ئەمریكا پشتگیری دەكردم، ئەگەر ڕاستیش بووم ئەدی بۆچی ئەمریكا ڕوانینی لەبارەی منەوە گۆڕا.

سەبارەت بە كورد نووسەر لەلاپەڕەی 234 دا نووسیویەتی: زۆربەی جار خراپترین دوژمنی كورد، هەر كورد بووە، ئەوان زۆربەی كات پێكەوە بەشەڕهاتوون و شەڕیان كردووە و كورد خوێنێكی زۆری لەدژایەتیكردنی سەدام داوە.

ئەم كتێبە لە چواردە بەش پێكهاتووە كە هەر بەشێك باس لە بابەتێكی تایبەت و پەیوەندیدار بە سەدام دەكات.

یەكێك لەو كتێبە باشانەیە كە ئەمساڵ خوێندوومەتەوە، بەڕاستی شتی زۆر وردی تێدایە كە پێویستە ئێمە هەڵوەستەی لەسەر بكەین