مارادۆنا کۆچی دوایی کرد

25/11/2020
دیەگۆ ئارماندۆ مارادۆنا ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتین
فۆتۆ: ئەرشیڤ
ئەرجەنتین

دیەگۆ ئارماندۆ مارادۆنا ئەستێرەی یاری تۆپی پێی جیهان و ئەرجەنتین، کۆچی دوایی کرد.

میدیاکانی جیهان بڵاویانکردەوە، کەمێک بەر لە ئێستا، دیەگۆ ئارماندۆ مارادۆنا ئەفسانەی تۆپی پێی ئەرجەنتین لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا، بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستداوە.

پێشتر مارادۆنا بەهۆی خوێنبەربوونی مێشک نەشتەرگەری بۆکرا، بەڵام دوو هەفەتە پێش ئێستا لە نەخۆشخانە دەرچوو و ئێوارەی ئەمرۆ چوارشەممە ٢٥ی١١ی٢٠٢٠، لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.


مارادونا لە 30ى ئۆکتۆبەرى 1960 لە دایکبووە و زۆرترین مشتومڕ لە جیهانى تۆپى پێدا لەسەر ئەو یاریزانە بوو، ئەوەش بەهۆى ئەوەى یەکێک بوو لە باشترینەکانى مێژووى تۆپى پێ و بەوتەى بەشێک لە شارەزایانیش باشترین بووە لە مێژوودا، هەروەها بەهۆى هەڵسوکەوتە سەیروسەمەرەکانى و کێشانى مادەى هۆشبەر و چەندین کارى تر.

دیەگۆ ئارماندۆ مارادۆنا لە ساڵانى هەشتاکاندا باشترین یاریزانى سەردەمى خۆى بووە و چوار جار لە جامى جیهانى بەشدارى کردووە و لەساڵى 1986دا جامەکەى بۆ هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، ئەرجەنتین بەدەستهێناوە، یارى بۆ یانەکانى "بۆکا جۆنیۆرز"ى ئەرجەنتینى و "ناپۆلى" ئیتاڵى و "بەرشەلۆنە"ى ئیسپانى و چەندین یانەى تر کردووە.