ترسی مرۆڤ لە خودا
خوێندنەوەیەک بۆ فیلمی(تەقوا)
بڕوا عەلادین
ئایا به هه‌ڵکشانی ئه‌ردۆگانیزم، ئه‌زموونی سێکیولاریزم له تورکیا، تێزه‌که‌ی فرۆید و مارکسی پوچهڵنهکردهوه که پێیان وابوو به گه‌شه‌سه‌ندن و سێکیولاریزهبوون، ئایین به‌ره‌و کاڵبوونه‌وه ده‌چێت و هیچ کاریگه‌ریه‌کی ئه‌وتۆی له‌سه‌ر ژیانی کۆمه‌ڵگه و تاکه‌که‌سه‌کان نامێنێت؟ خۆ هه‌ر یه‌که له فرۆید و مارکس ڕایان وابوو که هه‌تا کۆمه‌ڵگه مۆدێرنتر بێت، مرۆڤ پتر له ئایین دوورده‌که‌وێته‌وه و به‌ره و سێکیولاربوون ده‌ڕوات. ته‌ریب یان که‌مه‌کێک به‌ر له‌وان، دۆرکهایمی فه‌ره‌نسی وای ده‌بینی که ڕاسته ئایین پێکهوهبهستهرێکی کۆمه‌ڵایه‌تیه بۆ هه‌ماهه‌نگی تاکه‌که‌سه‌کان له‌ناو گروپدا، به‌ڵام له‌سه‌ر بنه‌مای وه‌همێک دروستبووه که بڕوابوونه به بوونی هێزێکی بان-زه‌مینی، له کاتێکدا ئه‌و هێزه بوونی نیه و هیچ نیه له جگه له خورافه‌تێک. به‌ڵام بۆ ماکس ڤیبه‌ر جیاوازتر بوو، ئه‌و ده‌یووت: به‌بێ نکۆڵیکردن له بوونی وه‌ک ڕایه‌ڵه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌کرێت ئایین سه‌ربکێشێت بۆ بزنس و پڕۆژه‌ی ئابووری، که‌ڵه‌که‌کردنی سامان و ته‌نانه‌ت گۆڕانی بۆ بازرگانییش. به‌و دواییانه‌یش تێزه‌که‌ی (ئۆلیڤه ڕوی) هه‌ر جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌م دیده ڤیبهریه ده‌کرده‌وه. به‌ڕای ڕوی، به نزیکبوونه‌وه‌یان له هه‌زاره‌ی سێهه‌م، بزاوته ئیسلامیه‌کان وه‌ک ئایدیۆلۆژیا، شکست و جه‌زره‌به‌ی گه‌وره ده‌خۆن، هه‌ر بۆیه ناچارن له‌سه‌ر ئاستێکی تر خۆیان ڕێکبخه‌نه‌وه که ئابوورییه، تێزێک که توێژه‌رێکی وه‌ک (پاترک هاینه) به (ئیسلامی بازاڕ) ناوی ده‌بات. هه‌ربۆیه ده‌کرێت پێکدادان و ناکۆکی نێوان کۆی ئه‌و تێزانه‌ی سه‌ره‌وه ده‌رباره‌ی مرۆڤی ئایینی، وه‌ک کلیلێل بۆ شیکارکردنی گوتاری فیلمه‌که به‌کاربهێنین.
نه‌ستی فیلمەکه جگە لە وردەکاریە چهپیو و دزه‌کردووه‌کانی نه‌ریته‌کانی تورکیای عوسمانی وەک کولتور، یان تەریقەتی قادری وەک بزاوتیکی سۆفیگەرانە بۆ ناو هزر و مێنتاڵتی مرۆڤ له تورکیادا، تیشکده‌خاته سەر ئه‌و تێزه‌ی که چۆن ئایین ده‌گۆڕدرێت بۆ مۆدێلێکی ئابووری. بێگومان ئه‌م فۆرمه له قۆستنه‌وه‌ی ئایین به‌ته‌نها تایبه‌ت نیه به تورکیا، به‌شی هه‌ره زۆری ده‌وڵه‌ته ئایینیه‌کانی خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش ده‌گرێته‌وه.
ڕه‌نگه گێڕانەوەیەکی کورتی کۆدەقی کارەکە و گرتە سەرەکیەکانی، تاڕادەیەک هاوکارمان بن بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو گریمانەیەی سەرەوە: ئیسلامی بازاڕ و ئیسلامیی بازاڕیی.
پاڵەوانی ئەم کارە موریدێکە که خۆی له دوکانێکدا حه‌ماڵه و به‌س خه‌ریکی چاهێنان و چابردنه بۆ خاوه‌نه‌که‌ی، دەروێشێکە وەک هەر دەروێشێکی تری گروپێکی ئایینی به‌ناوی موحه‌ڕه‌م که هه‌ر ناوه‌که‌ی وه‌ک سیمبولێک بۆ شێوازی ژیانی، پێمان ده‌ڵێت که یه‌کپارچه تابووه. موحه‌ڕه‌م له ژیانێکی زۆر ساده‌ی خۆیدا ده‌ژی و نۆستاڵژیای بۆ دایکی و باوکی هه‌یه و زوو زوو زوومی چاوه‌کانی ده‌چنه سه‌ر وێنه کۆنه‌کانیان که له هۆڵه‌که‌یدا هه‌ڵیواسیوون. ژنی نیه و خۆی ته‌رخانکردووه بۆ خواپه‌رستی. ئه‌و ڕه‌به‌نه و پابه‌نده به سروته ئاینیه‌کانه‌وه: ده‌چێته ته‌کێ و خانه‌قاکه‌ی نزیک خۆیان، زیکردهکات و حاڵی لێدێت. موحه‌ڕه‌م گرفتاری قه‌یرانێکی سایکۆلۆژیی ناوه‌کیانه‌ی خۆیه‌تی وه‌ک تاکه‌که‌س که گیرۆده‌بوونه به‌ده‌ست گرێ سێکسواڵتیهکانیهوه. ئه‌وه‌ی که تهپاندوویهتی و هاڕیوویهتی، نه‌بوونی ده‌سه‌ڵاتیه‌تی به‌سه‌ر هێزی فانتازیه سێکسیه‌کانیدا که به‌رده‌وام خه‌وی ده‌زڕێنن و ڕایدهچڵهکێنن. ئاخر سێکس و ئاره‌زوو وان: چه‌نده درووستکهرن، هێنده‌یش ڕاچڵه‌کێنه‌ر و لهبنهێنهر.
کاره‌کته‌ری موحه‌ڕه‌م تێکه‌ڵه و ئاوێته‌یه‌که له فۆرمێکی فرۆیدی - ڤیبه‌ری بۆ مرۆڤ، هه‌ربۆیه به‌ر له قسه‌کردن له‌سه‌ر به‌دگۆڕانی بۆ که‌سێکی ئاینیی بهرکاهێنراو به مه‌به‌ستی بزنس و ئابووری له فۆرمه ڤیبه‌ر-روا یه‌که‌یدا، ناچارین که په‌نا ببه‌ینه‌وه به‌ر فرۆید و دیدی ده‌روونشیکاری بۆ سێکسواڵتی که تاکۆتایی فیلمه‌که ته‌ریبن به ڕه‌هه‌نده ئابووریه‌که.
بەبێ کۆمه‌کی فرۆید، ئاستەمە لە سترەکتوری شاراوەی کارەکتەری موحەرەم تێبگەین کە خەون و فانتازیە سێکسیەکانی، بەشە هه‌ره زاڵ و چەپیوەکەی کاره‌کته‌ری ئه‌ون! موحەرەم بەردەوام لە خەونی سێکسی ڕادەچڵەکێت، زوو زوو ئۆرگازمێکی خێرا و فانتازی ڕای دەپسکێنێت و تۆبەی پێدەکاتەوە. ئەو لە خەونەکانیدا بەدوای جەستەیەکی ڕووتەوەیە، زۆر سادیستانە سێکسی لەگەڵ دەکات و وەک ئۆبێکتێکی سێکسی (نەک خۆشەویستێک) دەیچەوسێنێتەوە. چرکەساتی نێوان چێژەخەون و ئەشکەنجە ویژدانیەکانی موحەرەم زۆر کورتن، دەزولەیین و لە موو باریکترن. موحەرەم مرۆڤێکە بە پاشخانیکی سایکۆلۆژی بەخۆداشکاوەدا ڕووەو ناوەوەی خۆی (به‌رده‌وام له ماڵه‌وه چاوی له‌سه‌ر وێنه‌که‌ی دایکی و باوکیه‌تی وه‌ک ئۆیدیپۆسێکی تێرنه‌بوو له سۆز)، هەربۆیە بەردەوام لە ململانێیەکی ناوەکی چێژ و ویژدانیدایە، لەنێوان دەستبەردان لە جڵەوی ئایینی و سەربەستبوونی ئارەزووەکان لە خەوندا کە تاڕادەیەکی زۆر هاوکێشەیەکی فرۆیدیمان بیردەخاتەوە بۆ ئایین، ئایین وەک چەپاندنی ئارەزووی خۆبەدیهێنان، دواجاریش خۆبه‌خشین و خۆ دانەدەست هێزگەلی دەرەکی بەهێز. ئه‌و ئۆبێکته سێکسیه‌ی که موحه‌ڕه‌م به به‌رده‌وامی خه‌وی پێوه ده‌بینێت، کچی ئه‌و ئیمامه‌یه که ئه‌م به ئیدیاڵی خۆی ده‌زانێت و سه‌رپه‌رشتی گروپه ئاینیه‌که ده‌کات.
|