هاوسەرگیری کچێکی 14 ساڵی ئێزدی لەگەڵ پیاوێکی تەمەن 55 ساڵ هەڵوەشێندرایەوە

26/11/2020
فۆتۆ: 
دهۆک

بڵاوبوونەوەی هەواڵی مارەکردنی کچێکی 14 ساڵی ئێزدی لە پیاوێکی تەمەن 55 ساڵ کاردانەوەی توندی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە و نوێنەری میری ئێزدییەکانیش دەڵێت، پڕۆسەکە هەڵوەشاوەتەوە و رێگە بە ئەنجامدانی نادرێت.

جەوهەر عەلی، نوێنەری میری ئێزدیان بۆ کاروباری پەیوەندییەکان بە تۆڕی هەواڵی ژیانی راگەیاند، دوو رۆژ پێش ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵابووەوە کە پیاوێکی تەمەن ٥٥ ساڵی گوندی خەتارێ بەنیازە هاوسەرگیری لەگەڵ کچێکی تەمەن ١٤ ساڵ لە کومەڵگەی خانەسوورێ بکات.

وتیشی، "پاش بەدواداچوونی ئێمە بۆ بابەتەکە و پەیوەندیکردنمان بە موختاری خەتارێ، دەرکەوت کە ئەو هەواڵە راستە  بەڵام پرۆسەی هاوسەرگیرییەکە جێبەجێ ناکرێت و رێگەی پێنادرێت".

دەشڵێت، "گەلی ئێزدی بە گەلێکی مرۆڤدۆست و بە کەرامەت و بە شەهامەت ناسراوە و ئێمە بە هەموو شێوەیەک ئیدانەی ئەو جۆرە کارانە دەکەین و رێگە بە ئەنجامدانیان نادەین".

راشیگەیاند، پاش هەوڵەکانی ئەوان هەردوولا واتە دایک و باوکی کچەکە و پیاوە بەتەمەنەکەش رازی بوون، پڕۆسەکە هەڵبوەشێننەوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو جۆرە کردەوانە لە ئاینی ئێزدیدا ڕێگەپیدراو نییە و پڕۆسەکە دژی ئاینەکەیانە و دژی ویژدانی مرۆڤیشە.

جەوهەر عەلی، نوێنەری میری ئێزدیان بۆ کاروباری پەیوەندییەکان راشیگەیاند، پاش هەڵوەشاندنەوەی ئەو کارە، هەوڵدەدەن لەگەڵ میری ئێزدیان بڕیارێکی توند دژ بەو جۆرە کردەوانە دەربکەن.