پزیشكێكی كورد دڵێكی دەستكرد دروست دەكات

27/11/2020
فۆتۆ: 

پزیشكێكی كورد دڵی دەستكردی دروست كرد و لە ئێستادا لەسەر ئاژەڵ تاقیدەكاتەوە و پێشبینیش دەكرێت لە سەرەتای ساڵی 2023 لەسەر مرۆڤ تاقیبكرێتەوە.


ئازاد نەجار، پزیشكێكی كوردە و لەساڵانی نەوەدەكان لە زانكۆی موسڵ پزیشكی تەواوكردووە، پاشان كۆچی كردووە بۆ وڵاتی سوید و لەوێ پسپۆڕی لەبواری نەشتەرگەری میزەڕۆدا بەدەستهێناوە.

هەر لەو كاتەوە كاری لەسەر چەندین داهێنانی پەیوەست بە ئامێرەكانی نەشتەرگەری و ئەندامی میكانیكی جەستەی مرۆڤ كردووە، ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە كار لەسەر دڵی دەستكردی مرۆڤ دەكات لەئێستادا گەیشتووەتە قۆناغەكانی كۆتایی.

داهێنانەكەی ئەو پزیشكە كوردە لەسەرەتا لە ئاژەڵدا دەچێندرێت و تاقیكردنەوەی تەواوەتی لەسەر ئەنجام دەدرێت، ئامادەكاریشی كردووە بۆ ئەوەی لەسەرەتاكانی ساڵی 2023دا ئەو دڵە دەستكردە لە مرۆڤدا بچێندرێت.

دڵە دەستكردەكەی نەجار لە دڵە دەستكردەكانی دیكە ئەوەیە كە سكۆڵە و زمانە و گوێچكەڵەكانی بۆ دروستكراوە و بەهەمان سیستمی دڵێكی ئاسایی كاردەكات.