کتێب و ئەنتەرنێت

28/11/2020
فۆتۆ: 

جەبار جەمال غەریب

- کورد پێنچ سەد و پەنجا و پێنج ساڵ دوای جیھان دۆستایەتیەکی ساردی لەگەڵ کتێب قبووڵکردوە.
 ئەو پرسیارەی ھەموو ڕۆژێ دووبارە دەبێتەوە:
- ئایا خوێندنەوەی کتێب بەھۆی داھێنانی ئەنتەرنێتەوە کەمی کردوە؟
- ئایا بەھۆی داھێنانی ئەنتەرنێتەوە خەڵک پشتی کردۆتە کتێب کڕین؟
دەیان پرسیاری دیکە کە پەیوەندی بە کتێب و ئەنتەرنێتەوە ھەیە.
کتێب سێ بنەمای سەرەکی ھەیە.
- یەکەم زمان
- دووەم نووسین
- سێیەم کاغەز
(بە چاوپۆشین لە ئینسان و فکر کە گرینترین ھۆی ھێنانە وجودی کتێبن، چونکە پێش کتێبیش ئەو داھێنانە ھەر ھەبوون)
تا ئێستا کۆدەنگییەکی تەواو ھەیە کە گرینترین داھێنراوی مرۆڤ زمانە، زمان بنەماو و ڕەگی ئەساسی بیرکردنەوە و تێگەیشتن و دایەلۆگە. وێناکردنی ژیانی ئینسان بەبێ زمان سەختە. یەکەم کاری ئینسان دروستکرنی پەیوەندییە، ڕاستە پەیوەندی بەبێ زمانیش دەکرێ، بەڵام پەیوەندییەکی سادە و کورت و سەخت. ڕاستە سەرەتا تەنھا داھێنانی چەند (دەنگێک) بووە، ڕۆژ بە ڕۆژە دەنگەکان زیاتر بوون، تا بوونە ئەو کۆمەڵە دەنگە تۆکمەی کە سیستەمی زمان پێکدێنن. بە سادەترین شێوە:
- زمان بریتییە لە تۆڕێکی دەنگی کە سیستەمێکی تۆکمە پەیوەندی نێوانیان ڕێکدەخات.
- کوردیش دەڵێ چەند زمان دەزانی ئەوەندە ئینسانەی.
 لە زمانەوە بۆ نووسین: 
زمانە دەنگە، دەنگیش بە ھەوادا دەچێ، دەنگ کۆنابێتەوە. بە پێی لێکدانەوەکانی فەیلەسو و زانا وێڵ دیۆڕانت ( نووسەری مێژووی شارستانیەت) لەبەر نەبوونی نووسین، دەیان قۆناغی مرۆڤایەتی ون بوون و ھیچ زانیاریەکمان لەسەریان نیە، یان کەمترین زانیاریمان لەسەریان ھەیە.
- ئەوەی مرۆڤایەتی لە ون بوون ڕزگار دەکات داھێنانی (نووسینە). نووسین ئەو پیت و ڕەمزانەن کە بۆ دەنگەکان دانراون. ھەر دەنگەو پیتێک. ئەوەش گەورەترین شۆڕش بووە مرۆڤایەتی بۆ نووسینەوەی خۆی، بۆ تۆمارکردنی ڕابردووی، بۆ نووسینەوەی داھاتووی، بۆ تۆمارکردنی بیرکردنەوە و داھێنانە زانستیەکانی دایھێنابێ. (من ئەوەندە قەرزداری نووسینم ئەگەر ھەزار لاپەڕەی تەواو لە ستایشی نووسیندا بنووسم ھێشتا کەمە)
- ڕاستە ھەموو ئەوەی مرۆڤایەتی ھەیەتی بەرھەمی عەقڵە، بەڵام مانەوەی ھەتا ئێستا بەھۆی نووسینەوەیە. لە تۆمارکردنی و بەڵگەنامەکانی ئەمڕۆدا، لە بەسیستەمکردنی دنیادا، لە داھێنانی بچووکترن ئامێرەوە تا گەورەترینیان نووسین کۆڵەکەی بنەڕەتی بووە. 
کۆکردنەوەی زمان و نووسین:
- دوو داھێنراوە مەزنەکەی مرۆڤایەتی (زمان و نووسن) لەسەر (لاپەڕە) یەکدەگرنەوە و کتێب پێکدەھێنن. ئەگەر تەنھا مێژوو و زەحمەتەکانی داھێنانی کاغەز بنووسمەوە شەرم لە خەسارکردنی تاکە لاپەڕەیەکیش دەکەم. (جەوھەر و کاغەز) دوو خزمەتکارە دڵسۆزەکەی زمان و نووسینن. (جەوھەر) یان مەرەکەب لە کاغەزی کەمتری نەکردووە.
 ھەوڵەکانی ئەو گیاندارە دوو پێیە، لە داھێنانی کاغەز و مەرەکەبدا ( دواتر ئامێری چاپ) شایانی ئەو پەڕی ستایشە. ئێمەی مرۆڤی ڕۆژھەڵات لەبەر ئەوەی ھەوڵمان نەداوە، یان خۆمان ماندوو ناکەین، توانای داھێنانمان سنووردارە، ھەر لەبەر ئەوەیە نرخی ئەو داھێنانە گەورانەش نازانین.
لە کتێبەوە بۆ ئای بووک( کتێبی ئەنتەرنێتی):
- شتێکی سادەم لەسەر گرینگی زمان و نووسین و کتێب نووسی. ئەوەش ئەو  ئەنجامەی پێی گەیشتم:
- ئینسان ڕێگایەکی سەختی بڕیوە، تا کتێبی داھێناوە.
- کتێبیش لە ماوەی دەسەڵاتی خۆیدا (کە تائێستاش ماوە) بە توانایەکی سیحرییەوە خزمەتی ئینسانی کردوە.
- ئەوەی زۆر گرینگە لە کۆتایدا (کتێب)یش وەسیلەیەکە بۆ گەیاندنی فکری و پاراستنی ئەزموونی ئینسان، وەک چۆن زمان و نووسینیش وەسیلەن.( مەبەستم کتێبی کاغەزیدنە) 
- ھەرسێکیان ( زمان، نووسین، کتێب) تا پلەی موقەدەسی ڕێزیان دەگرم، بەڵام ھۆکار یان وەسیلەی گواستنەوە یان شێوازێکی (دەبڕینن) بۆ مرۆڤ، دەشێ یەکێکیان یان ھەرسێکیان لە زەمەنێکی مێژوویدا تەمەنیان بەسەرچێت و مرۆ دەستیان لێھەڵگرێ. ئەو ڕستەیە دەبێ چەند جار بخوێنیەوە و بیڵیینەوە، چۆن دەکرێ؟ چۆن دەکرێ دەست لە نووسین( بەپیت) ھەڵگرین؟ ئەوەیان سەختە وڵامدانەوەی چونکە ھیچ جێگرەوەیەکی باشتر دیار نییە. با، جێگرەوەی کتێب( بەڕواڵەت) ھەیە! 
کتێب و دەستلێھەڵگرتنی:    
کتێب باشترین ھاوڕێی مرۆڤە.
ئەو وتەیە حیکمەتی چەند سەدەیەک بوو. بەڵێ تاکە ھاوڕێیەکە ھەر کات بتەوێ قسەت بۆدەکات، کەنگێ بتەوێ بێدەنگە. پڕ زانیاری، پڕ لەزەت، پڕ خۆشی، پڕ سەفەر، پڕ عەشق و جوانی، پڕ شەڕ و ھەڵا، پڕ ژیان و مردن، پڕ فێربوون و ئەزموون. 
دۆستایەتی کتێب و ئینسان دوور و درێژە. بە کتێبی گەلگامێش دەستی پێکردوە. جۆھان گۆتنبێرگی ئەڵمانی لە ساڵی ١٤٥٤ز یەکەم چاپخانەی خۆی دامەزراند و ھەر لەو ساڵەشدا یەکەم کتێبی کە تەورات بوو بەلاتینی و بەمەکینە لە چاپدا. واتا پێنج سەد و شەشت و شەش ساڵە کتێب چاپدەکرێت و مرۆڤ ھاوڕێیەکی بەردەوامی بۆ خۆی پەیدا کردوە.
ڕاستە ژمارەی ساڵەکانی دۆستایەتی کورد و کتێب کەمترە. جارێ ھەر سوڵتانە نەگریسەکەی ئەستەنبووڵ بەکارھێنانی ئامێری چاپی سەد ساڵێک دواخست، بە بیانووی ئەوەی (کە ئەوە ئامێری کافرانە). ئەوە بۆ ناو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، یان بۆ تورکیای ئەو کاتە سەد ساڵ. 
بۆ قبوڵکردن و ئاشنا بوونی کوردیش بە نەریت و ھەر ئامێرێکی تازە سەد ساڵیک دوای نەتەوەکانی ڕۆژھەڵات دەکەوێت، تا دانی پێدادەنێ. 
 ئاشنا بوونی کورد بە چاپخانە زۆر دواکەوت، یەکەم چاپخانە مێجەر سۆن لە ساڵی ١٩١٩ز لەگەڵ خۆی دەیھێنێ بۆ سلێمانی و یەکەم ڕۆژنامەی کوردی لە ڕۆژی ١٩\١١\١٩١٩ بە ناوی (پێشکەوتن) چاپ و بڵاو دەکاتەوە. من ئەو ڕۆژە بە یەکەم ڕۆژی ھاوڕێیایەتی کورد و ڕۆژنامە لە جیاتی کتێب دادەنێم. واتا تەمەنی دۆستایەتی کورد و کتێب سەد و یازدە ساڵە. کەواتە پێنچ سەد و پەنجا و پێنج ساڵ دوای جیھان کتێبی چاپخانەی ناسیووە. ئەوەی گومانی لە سەر نییە کە پێش ئەو مێژووە کورد کتێبی دەستنووسی ھەبووە، لە ناوچە و ماڵی دەگمەندا کتێب ھەبووە، بەڵام قسەی ئێمە لەسەر ئەو کاتە کە کتێب بڵاودەبێتەوە و دەکرێت ببێتە دۆستی ھەمووان.
 ئەوەش بابەتێکی ھێجگار گرینگ و بەپێزە، بەڵام تەنھا تا ئێرەی بۆ ئەو وتارە پێویستە.
کورد دەتوانێ دوای سەد و یازدە ساڵ واز لە کتێب کاغەزین بێنێت و ڕووبکاتە ئەنتەرنێت؟
ئەو پرسیار وەڵام دەدەمەوە، ئەگەر بتوانم ئەوە بسەلمێنم کە ئەرێ کورد ئەو ماوەیە بەڕاستی دۆستی کتێب بووە؟