چیرۆکێکی تەنزئامێز.. پاکەتە جگەرەیەکی بکوژ!

28/11/2020
فۆتۆ: 

دانا ئەحمەد

بە ھێواشی دەست بۆ گیرفانی پشتەوەی پانتۆڵە شینەکەی دەبات، جانتای پارەکەی دەردێنێ. ھەموو پارەکەی بەشی کڕینی خراپترین پاکەتی جگەرە دەکات. کە منداڵ بوو، یٔەم بڕە پارەیەی بۆ کرینی نوقڵی مینۆ و پسکیتی دەماوەند بوو. یٔەوکات خەمی نەبوو، دڵنیابوو سبەی چ لە گیرفانی سەرسنگی کراسە سپییەکەی باوکی، یان لە جزدانە ڕەشەکەی دایکی ڕۆژانەکەی وەردەگرێتەوە. 

یٔێستا گەورە بووە، چیتر نوقڵەکان شیرین نین. سەختییەکان تاڵی چەشتنیان دەوێ. شتێکی مرۆڤ زۆر سەیرە، لە زەمەنی شیریندا زیاتر حەز بە شیرینی و لە ناڕەحەتیدا دڵی بەس شتە ناخۆشەکان دەبات. کە باوکم مرد، دەستم نەدەچووە یٔەوەی دۆندرمەیەک بخۆم. دۆندرمە خواردن بە پێکەنینەوە خۆشە، بەڵام زۆرترین جگەرەم کێشا. دەکرێ دەرمانسازەکان بیرۆکەی تاڵی دەرمانیان لەو دۆخەوە وەرگرتبێ کە نەخۆشەکان بەسەریان دێ، یٔازاریان ھەیە و دڵنیان بە شیرینی داناسەکنێ.

ڕێک بەرانبەر یٔەو تەختەیەی پاکەتی جگەرەکانی لەسەرە وەستاوە، لەگەڵ سەیرکردنی نرخی ھەر پاکەتێک، سەیرێکی یٔەو پارەکاغەزانە دەکات کە لە دەستی چەپیدا گرمۆلەی کردووە، لە ڕووخساریدا دەردەکەوێت لەو پاکەتەی کە دەیەوێ کورت دێنێ. دەگەڕێ، تا پاکەتێکی دیکە بدۆزێتەوە. چەند کاغەزێکی زەرد و شین، سەرنجم دەکەوێتە سەر دەستی چەپی. لە دڵی خۆمدا دەڵێم: تا ڕەنگی زیاترت پێ بێت، شتەکان جوانتر دەست دەکەون. یٔەوانەی ڕەنگیان بە بەری پارەدا کرد، زانیان بەبێ بوونی ڕەنگ، ژیان ھیچ ڕەنگێکت پێ نابەخشێ.

لەبەر خۆیەوە دەڵێت: “ھەموو شتێ گران بووە”. 
دەلێم: نا، گەورەبوون بارێکی گرانە.

دەڵێت “نا، گەورەبوونی ھەندێکمان، چل، پەنجا، شەست ڕۆژ جارێ مووچە وەربگریت، نەک بار، دەردیشت گرانە”. 

پاکەتێک ھەڵدەگرێ و دەڵێت: دەبێ یٔەمە باشبێت، سەیرێکی دەکات و نووسینەکەی دەخوێنتەوە، سمۆکینگ کیلس و ھێواش پارەکەی دادەنێ و بە پێکەنینکی شکاوەوە دەڵێت “باوەڕ ناکەم بمکوژێ!”.