شەش پەرلەمانتاری گۆڕان داوا دەکەن شاندێکی هەرێم بەپەلە بچێتە بەغدا

28/11/2020
فۆتۆ: 
هەولێر

شەش پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان داوا دەکەن، لەپێناو دابینکردنی مووچە و بودجە و رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی، شاندێکی هەرێم بەپەلە بچێتە بەغدا.

هەریەکە لە ئاشنا عەبدوڵا و شایان کاکە ساڵح و جەلال محەمەد و شیرین ئەمین و دابان محەمەد و عەلی حەمە ساڵح لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا بڵاویانکردەوە، "وەک هەموان دەزانین بە هۆی چەندین هۆکار و هەڵەی رابردو و ئێستای حوکمڕانی هەرێم، کوردستان لەناو قەیرانێکی گەورەدایە، ژیانی موچەخۆران و ھاوڵاتیان لە دۆخێکی خراپی بژێویدایە".

دەشڵێن، "ئێمە وەک شەش پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان، داوا دەکەین کە پێویستە بە زوترین کات وەفدی حکومەتی ھەرێم بەپەلە بچێتە بەغدا، لەبەرامبەر دابینکردنی موچە و بودجەدا، ئامادەیی ڕادەستکردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل و نیوەی داھاتە فیدراڵیەکان بێت. "

جەختیشیان کردووەتەوە لەوەی کە پێویستە چاکسازی خێرا لە دۆسیەی نەوت و خاڵە سنوریەکان و باجدا بکرێت، بێ دواخستن و خۆدزینەوەی زیاتر.

ئەو شەش پەرلەمانتارە راشیانگەیاندووە، "ئەگەر ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی نەکرێت و ئەو گەندەڵیەی لە دۆسیەی نەوت و خاڵی سنوریدا ھەیە بەردەوام بێت، ھەرێمی کوردستان تووشی قەیرانێکی لەوەی ئێستا گەورە تر دەبێتەوە، و بەرپرسیاری سەرەکیش حکومەتی هەرێمی کوردستان و لایەنە پێکهێنەرەکانیی ئەم کابینەیەن . "