شاری زەردەواڵەکان

29/11/2020
فۆتۆ: 

سەیرە! کە دەست دەکەیت بە خوێندنەوەی ئەم چیرۆکە ڕەنگە لات سەیر بێت. من ناوم ناوە چیرۆکی شاری زەردەواڵەکان، تۆش کە خوێنەریت و لەگەڵم دێیت تا دوا دێڕ ئازادیت لە ناونانی! بمببورە ئەی ئەو کەسەی ئەم چیرۆکە دەخوێنیتەوە ڕەنگە لە جێگە و پێگەیەکدا خۆت ببینیتەوە کە لە پشت مێزێکەوە یاخود لە نێو بازاڕ و کوچەیەکی ئەو شارە سەیرەدا، دوور نییە ئەوەی شەمی دڵتە لە باوەشی مەستێکدا بە لا ڕێیەکدا تێپەڕێت و کە لێرەدا منت جێھێشت گومان لەویش بکەیت، ڕەنگە ژمارەی دەرگاکەتان ماڵی سۆزانییەک بێت، پێ دەچێت لە نادییەکدا بێمە لات و چەند پرسیارێکت ئاڕاستە بکەم، تۆش ئەی کچە باشەکەی سەر زاری خەڵکی ڕەنگە شەوێک لەو چیرۆکەدا بێمە نێو چاتە ڕەشەکەتەوە و ببمە ھۆی ناو زڕاندنت بمبوورە دەتوانی ناوی بنێیت قەدەر، بەڵام زۆر گوێی پێ مەدە ئیتر چیرۆکێکەو منیش.... لێ گەڕێ با ئەوەیان لە کۆتاییدا خۆت بڕیاری لەسەر بدەیت.

بڕیار نەبوو ھیچ بنووسم، سەرەڕای دڵتەنگیم پێنووسەکەم گرت بە دەستەوەو کەوتمە نووسینەوەی دێڕ بە دێڕی ئەوەی بەر دیدەم کەوتووە، ئەو خەونەی خەوی زڕاندم و وەک مۆتەکە ھەمیشە پێی دەگووتم: بنووسە گەنجە ترسنۆکەکە. ئاخر من ترسنۆک نەبووم زەردەواڵەکان ھیچییان پێنەھێشتبوومەوە بۆ وتن، ئەو ئێوارەیەی بێستوونی ھاوڕێمم دی لە پارکێکی شار خۆی دەخواردەوەو چنگی لە زەوییەکە گیر دەکرد ھەر ئەو ئێوارەیە ھەموو شت پێچەوانە بوویەوە، بێستوونم جێنەھێشت و شەوەکەی قاپێک ئارەقی تومامان کڕی و بڕیارماندا لە باخچەیەکی سەر شاڕێی'........' دانیشین و بخۆینەوە و دەردە دڵ بکەین، ھەر ئەوەندەی چەند پێکێکی بە خەستی ھەڵدا و فرمێسک بە چاوەکانیدا ھاتە خوارەوە، سوێندم خوارد بە شەوی مەستیمان کە ھیچ نەدرکێم، ئاخر من ھیچیشم نەدرکاند بەڵکوو ئەوە خەونی ئەو شەوەم بوو کە ھەموو شتێکی درکاند، گریانە بە کوڵەکەی بێستوون ھەناوی بەردی گڕ دەدا، تا ئەو دەمە گریانێکی لەو چەشنەم نەدیبوو. پیاو کە دڵی پڕ بوو تووتنی ھەموو زەوی بۆ لولە بکە دەیکێشێت باکی نییە بەس ئامادەیی ئەوەی نییە بە کوڵ بگری تا ئەو ساتەی جگەرەش دادی نادات ئیدی ڕوو دەکاتەوە چاوەکانی، بێستوون قسەی بۆ دەکردم و تێگەیشتم گەر من یان تۆی خوێنەریش بایت غەیرە گریان چارەسەرێکی ترت نەدەبوو، لە قسەکردن تەواو بوو و جگەرەیەکی نایە سەر لێوی و جار جار لەبەر خۆوە دەیگووت؛ ....... قەحپە نەبوو بەخوا، بەڵام کڕیارەکانی جەستەی زۆربوون، نا ئەو وا نەبوو. بمبوورە ناتوانم تێت بگەیەنم کە چی ڕووی دابوو ئاخر من لە سەرەتاوە سوێندم بۆ خوارد، کات تێپەڕی و پێکەوە ملی ڕێمان گرت تا گەیاندمەوە ھەمبەر کۆشکە داڕماوەکەیان'خانووە گڵەکەیان' بە جێم ھێشتوو تا گەیشتمەوە سەر جێ خەوەکەم من بە وشەکانی بێستوونەوە دەتلامەوە کە دەستی دەخستە سەر دەموو چاوی تا پڕمەی گریانەکەی نەگاتە گوێی کەسی دیکە و دەیگووت؛ چیم لێدەکەیت، ئاخر من ھی ئەوەم دڵم بشکێت، من ھی ئەوەم دڵم بشکێت، نازانم لەو بیرکردنەویەدا بووم و مردم'دەتوانی ناوی بنێیت خەو' مردم و لە شارێکی خراپدا حەشر کرام، دەروازەی شارەکە تابلۆیەکی گەورەی پێدا ھەڵواسرابوو کە کە بە پەمپە دەستییەکان بە چەند زمانێک لێی نوسرابوو " بەخێر بێیت بۆ شاری زەردەواڵەکان" شار تەواو بێتاقەتی دای پۆشیبوو، ئاسمانی شارەکە پڕ بوو لە زەردەواڵە و گیزەی کاسەی سەرتی دەتەقاند، لە سەرەتادا لام سەیر بوو کە ئەو ژمارە زۆرەی زەردەواڵە چی دەکات بە ئاسمانی شارەوە! کەوتمە ڕێ بێھاودەم تەنیا خۆم و خۆم، گەیشتمە شەقامێکی قەرەباڵخ کە دیار بوو گەنجانی شارەکە تێکڕا ڕوو دەکەنە ئەوێ بۆ دەمە تەقێ، لەسەر کورسی چایخانەیەک دانیشتم و ڕوانیمە مرۆڤەکانی چوادەورم، مرۆڤگەلێکی سەیر کە ھەر ساتەو باسی کێشەیەکیان دەکرد، یەکێکیان ھەستاو بە توڕەییەوە وتی کە ئەوێ جێی ئەو نییە و دایکی چاوەڕێیەتی، چوار کەسیان مانەوە ئەوانیش پارەی چاکانیان داو ڕۆشتنە دەرەوە و منیش بە دوایاندا ھەنگاوم نا، ھەنگاو.. ھەنگاو.. ھەنگاو.. گەشتنە بەر قاپی نادییەک و بە پێکەنینەوە ڕۆشتنە ژوورەوە، لەسەر مێزی ژمارە '۳' ی لای پەنجەرەکەوە دانیشتن، گلۆپێکی سور، دەنگی ڕەشەبا، تابلۆی دوو زەردەواڵە کە پێدەچوو سەرۆک بن بە دیوارەکاندا ھەڵواسرابوو، ھەمان تابلۆ لە نێو چایخانەکەشدا بوو، گۆرانییەک بە کزی کە دەیگووت"ئەی لامیسە ئەگەر چی نەبوو دەنگ و ڕەنگ و بۆ.." پاش نیو کاتژمێر ئازیز کوڕە ڕەشتاڵە ڕیش درێژەکە فرمێسکێک بە سەر ڕومەتیدا ھاتە خوارەوە، دلۆ دایە قاقای پێکەنین و وتی ئێستاش بۆ ئەو سۆزانییە ئەگریت کە ماڵەکەیان بۆتە قەیسەری و شەوان جمەی دێت! ئازیز فرمێسکەکانی نەسڕی و جگەرەیەکی داگیرساند، تێکڕا دایانە قاقای پێکەنین و ڕەشۆڵی نیوە مەست دەستی نایە سەر شانی ئازیز و لەبەر خۆیەوە وتی: شێرۆ وتەنی دڵ وەک گۆزەی کانی وایە ڕۆژێک ھەر ئەشکێت.

دڵۆ کەوتەوە فشقیات و پێکەکەی ھەڵداو وتی؛ بەخوا ئەوەی ئاشق بێت کەرە، وتیان.. وتیان.. وتیان.. لێگەڕێ چیم لەوانداوە ھاتمە دەرەوە، تەم بوو، نا تەم نا! ئەوە زەردەواڵەکان بوون بە کوچەی ئەو شارەدا تەراتێنیان بوو، لەگەڵ تەکسیەکدا سەرکەوتم کە کچێکی شەنگ و شۆخی لەگەڵدا بوو لە پێشەوە جار جار بە یەکیان دەوت؛ خۆشەویستم، لە سەر شەقامێکی گشتی نزیک چەند کۆڵانێک وەستا ماچێکی....... کچەی جانتا بە دەست ماڵیان لەسەر شەقامێکی تایبەت بوو کە ئەو گەڕەکەی بۆی چوو یەکێک بوو لە گەڕەکە بە ناوبانگەکانی شار، لەگەڵیا ھەنگاوم نا تا بەر دەرگای ماڵەکەیان، خانویەکی سپی ژمارەی سەر دەرگاکە'۲٦' بوو.. نەگەشتە ژوورەکەی خۆی مەسجێکی بۆ ھات کە تێیدا نوسرابوو"بیرتەکەم" لە وەڵامدا پێی وت تامەزرۆی بینینتم! ئاخر چ بینینێک ۱٥ خولەک تێنەپەڕیبوو کە ماڵئاواییان لە یەک کرد لەگەڵ شۆفێری تەکسەیەکەدا، کەوتنە قسەی زیاتر و زانیم مەجنوونەکەیەتی، مەجنوون بێ خەبەر لەوەی ئیتر لەیلایەک نەماوە! بێ خەبەر لەوەی لەیلاکانی ئەم شارە خوێنی پیس بە دەمارەکانیاندا دەگەڕێت، ڕۆشتم، ڕۆش... 


"سۆزانییە چاو شینەکە" 
جیاواز لە تەواوی سۆزانیەکانی ئەم شارە، سۆزانییە چاو شینەکە شورەتێکی جادوویی ھەبوو، من لەو گەنجانەی نێو نادییەکەوە زانیم کە؛ کەم کەس ھەبوو ماڵیان پێنەزانێت یاخوود شەوێک لە تەکیا نەنووستبێت و چێژی لە جەستە نەرم و چاوە شینەکەی نەدیتبێت. تایبەتمەندی لەوەدا بوو کە تێکڕا گەنجان و پیری شەیدای خۆی دەکرد یاخود وەک ئەوەی لە زاری دلۆوە بیستم ئاشقی دەبوون، ڕەنگە لاتان سەیر بێت لێ شتێکی ھێندە غەریب نییە کە ئاشقێک مەعشووقەکەی سۆزانییەکی چاوکاڵ بێت! ڕاستییەکەی سەیر بوو لام ئەوەی کە خاوەن ئەو چاوە جادووییە بێت، ھەوڵم داو ناونیشانەکەیم وە چنگ کەوت.
شەقامی'...........' سێیەم کۆڵان خانووی ژمارە '۷' بەردەم ماڵەکەی باخچەیەکی بچووک، دەرگاکەی ڕووەو دیوارێکی گەورەو بەرز بوو، سەرەتا ویستم ڕاستەوخۆ بچمە لای ھەرچەندە دەیانگووت بە ناونووسینە، پێکەنینم دەھات، سۆزانییەک ھێندە بە بایەخە! گوێم پێنەداو ڕۆشتم و لە دەرگام دا، نەیکردەوە وە دووبارەو سێبارەم کردەوە پێم وابێت وەڕزم کرد دواجار کردییەوە، مەعشووقی ھەوەسبازەکانم دی، جادووگەرە چاوکاڵەکەم دی، سڵاوم کرد و گوتم: شۆڕشگێڕێکی تازەم.

ئەوە کۆدێک بوو کە لە گەنجەکانم بیست بۆ چوونە ژوورەوە.
ڕۆشتم........ کاتژمێر تێپەڕی و جێمھێشت، لێگەڕێ چی ڕوویدا.
شەقامەکانم تەی دەکرد، ھەنگاوەکانم وەک باڵی مێشێک کەم مەوداو خێرا بوو، ماشێنەکان بەلامدا تێدەپەڕین و ھۆڕنیان لێ دەدا، پاسکیل سوارەکان پڕ گوێکانیان ئاخنی بوو لە لۆکە، بەلای گۆڕستانێکدا تێپەڕیم کە ھەرگیزاو ھەرگیز نەمدیبوو، لە دەروازکەیدا نووسرابوو گۆڕی ھونەر.... کێلی قەبرەکان نا ئاسایی بوون، کلارنێتێک، پێنووسێک..... گریان، ھاوار، بێدەنگی.. منداڵکارێک بەلامدا تێپەڕی و لەبەر خۆیەوە وتی؛ مەوەستە، بڕۆ. 
پیرێک لە دوورەوە گۆچانەکەی ڕادەوەشاند وا دیار بوو بانگی دەکردم، نزیک بوومەوە، وتم چ گۆڕستانێکە مامە؟
ـ (دەنگێکی لەرزۆک) گۆڕستانی ھونەری پێ دەڵێن، ھەڵبەت ناویان ناوە.
ـ مەگەر ھونەرمەندەکان لەوێ دەنێژرێن؟ گۆڕستانێکی تایبەتە؟
ـ نەخێر کوڕم، بەوجۆرە نییە، ئەوانەی دەیانەوێت ببنە ھونەرمەند ئەوێ جێیانە، ئاخر سەرۆک ئەھلی ھونەر نییە. 
دەستم گرت بە چاومەوەو بە پاڵ دیواری گۆڕستانەکەدا ڕێمکرد شانم لە شورا کۆنکرێتییەکەی دەخشاند، "چاوم کردەوە "دوورکەوتمەوە.. نزیک باڵەخانە ھەور بڕەکان وەستام، باڵەخانە زەرد و سەوزەکان... 
بەر قاپی ھەر باڵەخانەیەک چەندین مرۆڤی تێدا بەسترابوونەوە بۆ پاسەوانی، ڕۆشتمە نێو دانەیەک لەو ھەوربڕانەوە، نھۆمی '۳۸' ژووری بەڕێوبەر.. خەڵکێکی زۆر چاوەڕوانی چاوپێکەوتیان دەکرد، کەس نقەی نەدەکرد، جگە لەوەی جار جار لە ژێر لێوەوە بە یەکتریان دەگووت؛ کۆبوونەوەکەی گرنگە و لەبەرژەوەندی گەلدایە، داماوە زۆر ماندووە. ڕۆشتمە ژوورەوە، بەڕێوبەر ماندوو بوو، یاری لەگەڵ ئاژەڵە ماڵیەکەیدا دەکرد و لەسەر کۆشی بوو"سکرتێ..." .
ھەنگاو.. ھەنگاو.. ھەنگاو.. چواڕیانی سەرکردە "تابلۆیەک، خەتێکی ڕەش، گوتارێکی سەرۆک، زەردەواڵەیەکی نەتەوە پەرست" تا دەھات گیزە گیز کەلەی سەری پڕ دەکردم، ھەست دەکەم سنگم تووند دەبێت، دەست دەگرم بە چاومەوە و دەست لا دەبەم، خەون نییە "ڕەنگە ئەوینی سۆزانییە چاو شینەکە بێت" ھاوار دەکەم و لە دوورەوە ھەڕەشەم لێ دەکەن، گوێم لێیە جنێو دەدەن، دەمەوێت خەبەرم بێتەوە، زارم دەبەسترێت، لەسەر شەقامەکە دەکەوم.. "تورەکەیەک، زیندان".