خەڵک سەری دەئێشێت بەڵام پەرلەمان دەستیان دەبەستێت

30/11/2020
فۆتۆ: 

ئێستا چی بۆ خەڵک گرنگە؟ هاوڵاتیان پێوستیان بە چییە؟

بێ گومان هەموو هاوڵاتییەکی ئاسایی دەتوانێت وەڵامی ئەو پرسیارانە بداتەوە کە مادام بێ پارەن، مووچە لە هەموو بابەتێکی دیکە بەلایانەوە گرنگترە، دوای ئەوەش مادام سەرمایە و نەوتیان وەرنەگرتووە بە دڵنیاییەوە پێوستیان بە سوتەمەنیە..

کە حکومەت خۆی  بێ دەنگ کردووە لە دابینکردنی ئەو پێداویستییانەی خەڵک، بەپێی هەموو پێوەرەکان دەبێت پەرلەمانی کوردستان وەک دەزگایەکی چاودێری و یاسادان لەسەری بێتە دەنگ هیچ نەبێت بە بڕیار یان یاسا کارێک بکات لایەنی کەم وەڵامی داواکارییەکانی خەڵک بداتەوە.

بەڵام پەرلەمانی کوردستان لەم کاتەدا کە خەڵک دوو مانگ جارێک موچە وەردەگرن و بەشێکی زۆر لە خەڵک ناتوانن سوتەمەنی بۆ وەرزی زستان دابین بکەن بەڵام پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و سێ پرس دەخاتە بەرنامەی کارەوە، جێگەی پرسیار و لێکدانەوەن بەلای خەڵکەوە، هەوڵدەدەین سێ تەوەرەکە شیبکەینەوە کە بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە کۆبوونەوەی لەسەر بکات:

1-پێشنیازە یاسای پەروەردە و خوێندن لە هەرێمی کوردستان، پەرلەمان لە کاتێکدا کار لەسەر ئەم تەوەرە دەکات کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بایکۆتی خوێندنەوە دەرگای بەشێکی زۆر لە قوتابخانە و زانکۆکان داخراون و هیچ رووننییە کەی پرۆسەی خوێندن دەستپێدەکاتەوە.

2-پێشنیازی هەمواری یەکەمی  یاسای زانکۆ و پەیمانگا تایبەتەکان، کە ئەمەش بابەتێکی هاوشێوەی تەوەری یەکەمە، لە رووی پێوستی بۆ خەڵک لە پلەکانی کۆتاییدایە .

3- خوێندنەوەی راپۆرت و گفتوگۆکردن لەبارەی کۆچی گەنجان، ئەم دیاردەیەش ساڵانێکی دوور و درێژە لە هەرێمی کوردستان هەیە و بابەتێکی نوێ نییە .

لە لێکدانەوەی ئەو تەوەرانەوە بۆمان رووندەبێتەوە کە پەرلەمان دەوری ئەو پزیشکە دەبینێت کە کەسێک سەری ئازاری هەبێت بەڵام ئەو دەستی بۆ ببەستێت یان نەخۆشێک دڵی ئازاری هەبێت بەڵام نەشتەرگەری شکاوی قاچی بۆ بکرێت.

عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان پێشتر وتبوو: بە داخەوە سەرۆکایەتی پەرلەمان رۆڵێکی ئێجگار زۆری هەیە لە لاوازکردنی ئەم پەرلەمانە، من یەک نمونەی بەسیتتان بۆ دەهێنمەوە ماوەی یەک ساڵە داوای دانیشتنی پەرلەمان دەکەین لەسەر قاچاغچێتی خاڵە سنوریەکان کە هەموو مانگێک 170 ملیار دینار بۆ چەند بەرپرسێک دەدزرێت سەرۆکایەتی پەرلەمان ناتوانێت بیخاتە بەرنامە کارەوە. 

ئەو وتیشی، هەرکات و هەر شتێک حکومەت بیەوێت خۆی بێت بۆ پەرلەمان مەساحەی پەرلەمان بۆی کراوەیە بەڵام رێگە نادات پەرلەمانتار نوقتەی نیزامیش بگرێت.

لە کاتەدا کە خەڵک بێ مووچە و بێ سووتەمەنییە حەقوایە پەرلەمان لێپرسینەوە لە حکومەت بکات یان ناچاری بکات ئەو دوو پێداوستییە سەرەتایی دابین بکات .

بەهۆی شکست هێنانی ئابووریی سەربەخۆ و فرۆشتنی نەوت لەساڵی 2014 وە، حکومەتی عێراق مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕیوە، لەو کاتەوە کەم مانگ هەبووە فەرمانبەران بەبێ دوو دڵی و لێ بڕین مووچەکانیا وەرگرن.

لە ساڵی 2014 وە فەرمانبەران خۆپیشاندان دەکەن بۆ دابینکردنی مووچەکانیان نە حکومەت و نە پەرلەمان چارەسەرێکی کۆنکرێتییان نەبووە بۆ ئەو پرسە، لەتێکدا فەرمانبەران بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی مۆتەکەی هەژاریدان و کۆمپانیا و سەرمایەدارەکان تاوەکو دێت دەوڵەمەند تر دەبن.

حکومەتی هەرێم خۆی نەوت دەفرۆشێت و دەشڵێت ناتوانم موچە دابین بکەم، لە حاڵەتی وادا دەبێت پەرلەمان حکومەتی هەرێم ناچار بکات مووچە بدات لە رێگەی چاکسازی دارایی، یان متمانە لە حکومەت وەربگرێتەوە یان نەوت رادەستی عێراق بکات. بەڵام پەرلەمان خۆی لەو ئەرکانەی دەدزێتەوە.

لەم کاتەدا کە وەزی سەما دەستی پێ کردووە، تەنیا ناوچە کوێستانییەکان نەبێت، لە 2014  خەڵک هاوڵاتیان نەوتیان وەرنەگرتووە، ئەوانەشی وەریانگرتووە حکومەتی عێراق ناردوویەتی، دەکرێت پەرلەمان ئەوەش لە حکومەت بپرسێتەوە کە بە ئاشکرا ساڵی رابردوو 171 ملیۆن بەرمیل نەوت لە هەرێمی کوردستان بەرهەمهێنراوە کوا پشکی نەوتی سپی بۆ ماڵان.