بەهۆی مرداربوونەوەی ئەسپەکەی ئەسپسوارێکی ئێرلەندی بە ساڵێک زیندانی سزادرا

30/11/2020
بەهۆی تۆپینی ئەسپەکەی ئەسپسوارێکی ئێرلەندی بە ساڵێک زیندانی سزادرا
فۆتۆ: ئەرشیڤ
ئێرلەندا

ئەسپسوارێکی ئێرلەندی ساڵێك زیندانی بەسەرداسەپێندرا و پاش تەواوکردنی زیندانییەکەیشی، بۆ ماوەی پێنج ساڵ بۆی نییە ئەسپسواری بکات، چونکە لە ساڵی 2016 لە ناوچەی کانی سۆرموری باشوری فەڕەنسا ئەسپەکەی لە دەرئەنجامی ماندووکردن و لێدانی لەڕادەبەدەر مرداربووەتەوە.

کاتیا فێشەر، نوێنەری دەستەی فەڕەنسا بۆ پاراستنی ئەسپ، کە ئەندامبوو لە دەستەی داواکاری شارستانی لە دادگا، ئاماژەی بەوەکرد کە ئەسپسوارەکە بەتۆمەتی، "ئەنجامدانی کاری دڕندانە و زیانگەیاندنی قورس بە جەستەی ئاژەڵی ماڵی" دادگایی کراوە.

ئەوەشی خستەڕوو، دادگا بڕیاری قەرەبووکردنەوەی بۆ هەریەکە لە پێنج ئەندامانی دەستەی شارستانی دادگا بە بری 1790 دۆلار لەگەڵ تێچووە یاساییەکاندا کە بڕی 1190 دۆلارە، دەرکردووە.

بەپێی دادنوسی دادگا، بڕیارەکەی دادگا کە دەتوانرێت تێهەڵچونەوەی بۆ بکرێت، ئەسپسوارە ئێرلەندییەکە بە هەموو شێوەیەك خاوەندارێتی ئاژەڵی ماڵی لێ قەدەغەکراوە.

ئەسپە ڕەساسییەکە بەناوی "فلوگاس" کە تەمەنی 10 ساڵ دەبوو، ساڵی 2016 بەشداریکردووە، لە کێبرکێی بازدان بەسەر بەربەستەکاندا لە گۆڕەپانی کانی سورموری تایبەت بە ئەسپ لە ناوچەی کۆت دازوری فەڕەنسا، بەڵام لە 10ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2016 ئەسپەکە بەهۆی لاوازی و شەکەتی و ماندووبوون مرداربووەوە.